داعش هەڕەشەی نوێ دەکات و هۆزە سوننەکان داوادەکەن پڕچەک بکرێن
یەکێک لە سەرۆکهۆزەکانی بەعاج: داعش تەکفیری هەموومانی کردووە و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵ و زەوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵەکانمانی حەڵاڵ کردووە.
K24 - هەولێر
داعش دەستیکردووە بە زنجیرەیەک هەڕەشە لە هۆزەکانی رۆژئاوا و باکووری عێراق، لەبەرامبەردا خەڵکی هۆزەکانی پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای نەینەوا، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا، خۆیان ئامادەکردووە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان، هەرچەندە چەکی پێویستیان لەبەردەستدا نییە.
لەگەڵ ئەوەی فهتوای تەکفیرکردنی هۆزەکان لەلایەن داعشەوە نوێ نییە و لە ماوەی داگیرکردنی بەشێکی زۆری عێراق و سووریا، چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان بەو فەتوایە لە هۆزەکانی هەردوو وڵات بەکۆمەڵ کوشتن، بەتایبەت لە ساڵانی 2014 و 2015، بەڵام جارێکی دیکە داعش لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەرەوە، زنجیرەیەک هەڕەشەی لە هۆزەکانی رۆژئاوا و باکووری عێراق دەستپێکردووهتهوە، کە بە هەڵگەڕاوە "مورتەد" پێناسەی کردوون، بەهۆی پشتیوانییان لە هێزە ئهمنییهکانی عێراق.
لەبەرامبەردا، خەڵکی هۆزەکانی پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای نەینەوا، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا، خۆیان ئامادەکردووە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان، داواش لە حکومەتی عێراق دەکەن، پیاوانی هۆزەکانیان چەکداربکاتەوە.
لەمبارەیەوە، محەمەد جبووری، فەرماندە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، چەندین هۆزی ناوچەکانی قەزای بەعاج و هەردوو شارۆچکەی حەزەر و رەبیعە، داوایان کردووە هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکانیان بکرێت و چەکیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆیان بکەن و رێگری لە هێرشەکانی داعش بکەن.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ژمارەیەک سەرۆکهۆز لە رێگەی مۆبایلەوە، لەلایەن داعشەوە هەڕەشەیان لێکراوە، لەئەگەری بەردەوامبوونیان لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق.
یەکێک لە سەرۆکهۆزەکان لە بەعاج بەناوی جاسم عودە دەڵێت، "داعش تەکفیری هەموومانی کردووە و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵ و زەوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵەکانمانی حەڵاڵ کردووە"، داواش لە حکومەت دهكات، بۆ بهرگریكردن له خۆیان، ئەندامانی هۆزەکەی چەکدار بکات.
تارق سەهل، جێگری فەرماندەی حەشدی هۆزەکانی ئەنبار ئاشکرای کردووە، داعش زنجیرەیەک فەتوای تەکفیرکردنی داوە و کەسی لێ نەبواردووە، دەشڵێت، ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا سەقامگیر نییە و بەردەوام تیرۆرستان دزەدەکەنە عێراق و لهو سنوورانه تهراتێنیانه.
لە ساڵی 2006 بەسەرپەرشتی ژەنەڕاڵی ئەمریکی دەیڤد پێترایۆس، هۆزەکانی سوننە چەکدارکران و ناویان لێنرا سەحەوات، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی قاعیدە دروست بوون، بەڵام دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە 2011، لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە هەڵوەشێنرانەوە، ئێستاش بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە، جارێکی دیکە، هۆزە سوننەکان داوای چەکدارکردنیان دەکەنەوە.
هـ.ر.