روحانی: پێش (10)ی شوبات هەڵمەتی کوتان لەدژی کۆرۆنا لە ئێران دەستپێدەکات
(2) رۆژه ڤاکسینی سپوتنیک ڤیی رووسی گهیشتووه
K24 – هەولێر:
حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی پێش (10ی شوبات/فێبرایەری 2021) دەست بە هەڵمەتی کوتان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، ئەمەش دوای دوو رۆژ لە گەیشتنی بەشێکی ڤاکسینی سپوتنیکی رووسی.
روحانی لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی دەستەی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە بەشێکی ڤاکسینەکان گەیشتنە وڵات، لەم هەفتەیەدا هەڵمەتی کوتان دەستپێدەکات و ئەمەش هۆکارێکی جیدییە بۆ ئاهەنگگێڕان".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەشێکی ڤاکسینی سپوتنیک-ڤیی رووسی کۆرۆنا گەیشتە ئێران، بەگوتەی "کازم جەلالی"، باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ، بڕیارە تاوەکو (28)ی ئەم مانگە، دوو بەشی دیکەش بگەن.
ئێران (2) ملیۆن ژەمی ڤاکسینی سپوتنیک ڤیی کڕیوە، بەپێی گوتەی "کیانۆش جیهانپوور"، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی تەندرووستی، کە قسەی بۆ فرانس پرێس کردووە، گوتوویەتی ئەو ڤاکسینانە بە بەش بەش دەگەنە ئێران.
وڵاتی ئێران بە یەکێک لە کاریگەرترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک ئەو وڵاتە بەفەرمی گیان لەدەستدانی (58) هەزار و (300) کەسی بەو ڤایرۆسە راگەیاندووە، لەگەڵ تووشبوونی ملیۆنێک و (450) هەزار کەسی دیکە.
روحانی جەختیکردەوە لەوەی ئەولەویەتی کوتان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ کارمەندانی بەشە تەندروستییەکان دەبێت. راشیگەیاند "کاتێک کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێدەدرێت، ئەمە دەبێتە یەکەم هەستکردن بە متمانە". بەگوتەی روحانی، "دواتر کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەبووە، دەکوترێن".
سەرۆک کۆماری ئێران هیوای خواست، پێش (21)ی ئاداری ئەمساڵ، ئەو سێ چینەی کۆمەڵگا بەتەواوەتی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێبدرێت.
جگە لە ڤاکسینی سپۆتنیک ڤی، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی ئەم مانگەدا ئێران (4.2) ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆمپانیای ئەسترازینکای بەریتانی/ سویدی وەربگرێت، ئەمەش جگە لەوەی ئێران خۆیشی لە مانگی کانوونی دووەم/ دیسەمبەری ئەمساڵ دەستی بە تاقیکردنەوەی کلینیکی کردووە بۆ یەکێک لەو ڤاکسینانەی لە ناوخۆی وڵات بەرهەمهاتووە.