جيهان پێویستی به 7 ساڵه تاوه‌كو ژیان ئاسایی ده‌بێته‌وه
تا ئه‌و كاته‌ی به‌ڕێژه‌ی 75%ی دانیشتوانی جیهان پێكوته وه‌رنه‌گرن مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن

K24- هه‌ولێر:
هێشتا پرسیاركردن له‌باره‌ی كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی، وه‌ڵامێكی راست و ره‌وانی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه، كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌نگاوی به‌ره‌و دواوه ناوه.
له راپۆرتێكدا ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی ئه‌مه‌ریكی هه‌وڵی داوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌ستكه‌وێت، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه مژده‌به‌خش نییه، چونكه ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و راپۆرته ئاماژه به‌وه كراوه، جیهان پێویستی به 7 ساڵه، تاوه‌كو ژیانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و دۆخه ئاساییه‌ی كه به‌ر له كۆرۆنا هه‌بوو.
بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، "بلۆمبێرگ" پشتی به گه‌وره‌ترین بنچینه‌ی داتاكانی ڤاكسینی كۆرۆنا له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ستووه، هاوكات له‌گه‌ڵ بۆچوونی زانایانی جیهان له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره، له‌وانه‌ش: ئه‌نتۆنی فاوچی، گه‌وره پزیشكی پسپۆڕ له بواری نه‌خۆشییه درمه‌كان، كه گوتوویه‌تی: "بۆ ئه‌وه‌ی ژیان بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی ئاسایی، پێویسته به‌ڕێژه‌ی 70% تا 85%ی كۆی دانیشتوانی جیهان ڤاكسین وه‌رگرن".
به‌گوێره‌ی داتاكانی ئه‌و ئاژانسه ئه‌مه‌ریكییه، له‌ماوه‌ی ته‌نیا 2 مانگدا، خه‌ریكه ئیسرائیل له ڤاكسیندانی 75%ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیك ده‌بێته‌وه، له‌كاتێكدا پیشبینی ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا تا ساڵی 2022 به‌و رێژه‌یه بگات.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه‌شده‌دات، له‌گه‌ڵ خێرایی پرۆسه‌ی پێدانی ڤاكسین له وڵاتانی رۆژئاوای ده‌وڵه‌مه‌ند و به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه و ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی كوتانه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بێت، پێشبینی ده‌كرێت تا هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌و رێژه‌یه ڤاكسین وه‌رده‌گرن، پێویستی به 7 ساڵی ته‌واو هه‌بێت.
له‌كاتێكیشدا هێشتا مشتومڕییه‌كی زۆر له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی زانستیدا له‌باره‌ی ده‌ستنیشانكردن و ناساندنی به‌رگری دژی ئه‌و ڤایرۆسه و كاتی گه‌یشتن به‌و ئامانجه له‌ئارادایه، پرسیاری ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، كه ئایا به پێدانی ڤاكسین به رێژه‌ی 75%ی دانیشتوانی جیهان ده‌توانرێت مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و په‌تایه به ته‌واوه‌تی بڕه‌وێنرێنه‌وه؟.
هاوكات به‌شێكی دیكه له‌و باوه‌ڕه‌دان، كه گه‌یشتن به‌و رێژه‌یه‌ی كوتان ده‌بێته خاڵی رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه و هه‌رچه‌ند رێژه‌یه‌ك هه‌ر ده‌مێنێت، كه هێشتا پێكوته‌كه‌ی پێنه‌دراوه و له‌وانه‌یه ڤایرۆسه‌كه له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌ك چه‌كه‌ره بكات، به‌ڵام رێگه له ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تاكه له‌ناو وڵاتان ده‌گرێت.
له‌وباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری لقی ئه‌وروپای رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، پێویسته ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی ده‌رمان به‌یه‌كه‌وه ئه‌و كاره بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كوتان دژی كۆڤید -19 خێراتر بكه‌ن و نیگه‌رانی خۆشی له‌باره‌ی ئاستی كارامه‌یی پێكوته‌كان بۆ كۆپییه نوێیه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا نیشاندا.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، داتاكان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، تا ئێستا به‌ڕێژه‌ی 2.5%ی كۆی دانیشتوانی ئه‌وروپا یه‌كه‌م ژه‌می ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه و هیوایان به خێراكردنی پرۆسه‌كه هه‌یه.
به‌گوێره‌ی ئامارێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تیش، تا ئێستا بڕی 100 ملیۆن ڤاكسینی دژی كۆرۆنا له جیهان به‌رهه‌مهاتوون و به 65%ی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند دراون.
H.B