وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی 15 "تیرۆرستی" راگەیاند

یەکێکیان لە کەتیبەی خۆکوژەکان بووە

وێنەی بەشێکی دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە
وێنەی بەشێکی دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووشەممە رایگەیاند 15 چەکداری داعشیان لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردوون، کە بەپێی ماددەی تیرۆر داواکراون و، تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی.

ئاژانسی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوێنێ (دووشەممە، 8ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند، "هێزەکانمان توانییان 15 تیرۆرست لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا دەستگیربکەن کە لەلایەن دادگا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش داواکراون".

بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکان لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەداناوە؛ ئەندامی رێکخراوی داعش بوون و لە چەندین "کاری تیرۆرستی" لە دژی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان بەشداربوون، پێش ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2017.

یەکێک لە "تیرۆرستەکان" ناوی ئەبو ئەنەسە و بەپێی راگەیەندراوەکە ئەندامی کەتیبەی "خۆکوژەکان" بووە، دوو لە دەستگیرکراوەکانی دیکە ناویان ئاشکرا کراوە، ئەوانیش: ئەبو قەتادە، سەرباز بووە، لەگەڵ ئەبو بەرا، کە ئەمەشیان لە ئەندازیاریی سەربازیی داعش چالاک بووە، بەڵام ناو ئەرکی ئەوانەی دیکە لەنێو رێکخراوی داعش ئاشکرا نەکراوە.

لەدوای دوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی داعش لە بەغدای پایتەختی عێراق لە 21ـی کانوونی یەکەم/یەنایەرـی 2021، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 35 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس، هێزە ئەمنییەکانی عێراق گەڕان و پشکنینیان بەدوای شانەکانی داعش چڕکردووەتەوە.

بەشێکی دەستگیرکراوەکان
بەشێکی دەستگیرکراوەکان

هـ.ر.