ئێران هەڵمەتی کوتانی دژی کۆرۆنای دەستپێکرد

کوڕی وەزیری تەندروستی یەکەم کەس بوو ڤاکسینەکەی لێدرا
پارسا نمەکی، کوڕی سەعید نمەکیی وەزیری تەندروستیی ئێران یەکەم کەس بوو لەو وڵاتە ڤاکسینی کۆرۆنای لێ بدرێت، وێنە: irna
پارسا نمەکی، کوڕی سەعید نمەکیی وەزیری تەندروستیی ئێران یەکەم کەس بوو لەو وڵاتە ڤاکسینی کۆرۆنای لێ بدرێت، وێنە: irna

K24 - هەولێر

ئێران، یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، ئەمڕۆ دەستی بە هەڵمەتی کوتان کرد لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڤاکسینی سپوتنیک ڤیی رووسی.

دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان لەدژی پەتای کۆرۆنا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 9ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) لە تەلەڤیزیۆنی فەرمییەوە پەخشکرا. پارسا نمەکی، کوڕی سەعید نمەکیی وەزیری تەندروستیی ئێران یەکەم کەس بوو لەو وڵاتە ڤاکسینی کۆرۆنای لێ بدرێت.

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران لەدەستپێکی هەڵمەتەکە رایگەیاند، "هەڵمەتی نیشتمانیی کوتانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-19 دەستپێدەکەین".

ئێران دوو ملیۆن ژەمی ڤاکسینی سپوتنیک ڤیی رووسی کڕیوە و بە سێ بەش دەگەنە ئێران. دوای ئەوەی یەکەم بەشی ڤاکسینەکە گەیشتە تاران، کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ گوتی بڕیارە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە، دوو بەشی دیکەش بگەن.

وڵاتی ئێران بە یەکێک لە کاریگەرترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک ئەو وڵاتە بەفەرمی گیانلەدەستدانی 58 هەزار و 536 کەسی بەو ڤایرۆسە راگەیاندووە، لەگەڵ تووشبوونی زیاتر لە ملیۆنێک و 470 هەزار کەسی دیکە.

رۆحانی پێشتر جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەولەویەتی کوتان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ: کارمەندانی بەشە تەندروستییەکان دەبێت، دواتر کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە.

پێشتر، ئێران رایگەیاندبوو ڤاکسینی رۆژئاوایی دژی کۆرۆنا ناکڕن و بەکاریناهێنن، بۆیە دوای ئەوەی ڤاکسینی رووسییان کڕی، رووبەڕووی رەخنە کرانەوە کە ئەو ڤاکسینە داتای تەواوی لەبارەوە ئاشکرا نەکراوە، ئەوکاتەش وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاندبوو، ڤاکسینەکە سەلامەتە، بۆیە یەکەمجار لە خێزانەکەی خۆیەوە دەست بە کوتان دەکەن.