میلیشیاكانی عێراق لە چەندین تاوانی دژ بە پەنابەران تێوەگلاون
HRW داوا دەكات لێكۆڵینەوە لە میلیشیاكانی عێراق بكرێت
K24 – ھەولێر:
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی تازەی لەبارەی ئەو تاوانانەی میلیشیا و هێزەکانی عێراق دەرحەق بە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی نێو کەمپەکان بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بکرێت و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت. داواشکراوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و ناسنامەی قوربانیانیش ئاشکرا بکرێن.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا بە ناوی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دەرخەری دەربازبوون لە سزای تاوانە دڕندەکان لە عێراق، ئاماژە بە دۆزینەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دەکات، قوربانییەکانی لەو کەسانەن، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق، لە کەمپەکان دەریانهێناون و کوشتوویانن، تەنانەت هەندێک لە قوربانییەکان، لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن.
بەلقیس والی، پسپۆڕ لە کاروباری عێراقی، لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، کەمپی ئیسحاقی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بە نموونە دێنێتەوە، کە دوای رێگەپێدانی، هێزێکی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی چووەتە ناو کەمپەکەوە و گوێی بۆ ژمارەیەک شایەتحاڵ گرتووە، کە کەسوکارییان بێسەروشوێنن یان کوژراون و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.
بەلقیس والی، لە راپۆرتەکەیدا روونیکردووەتەوە، چاوی کەوتووە بە ژمارەیەک ژن، کە پیاوەکانیان لەدەستداوە و پێیانگوتووە، دوای تەقینەوەیەک لە نزیک کەمپەکە، هێزە ئەمنییەکان هاتوون و 52 پیاویان بردووە و تا ئێستا هیچ سۆراخێکییان لەبارەوە نیە، کە تەمەنییان لە 17 ساڵی بۆ 57 ساڵی بووە.
ئەو توێژەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە گوتی: لەرێگەی سەرچاوەیەکەوە بۆی دەرکەوتووە، پێدەچێت هەندێک لەو کەسانە لە ژیاندا مابن و لە گرتووخانەیەکی نهێنیدا زیندانی کرابن، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵییان لە نزیک کەمپەکە راگەیاندووە، کە روفاتی 50 کەسی تێدابووە.
لە تشرینی دووەمی رابردوو، لە چوارچێوەی بڕیاری حکومەتی عێراق، بۆ داخستنی کەمپەکان، کەمپی ئیسحاقیش چۆڵکرا و داخرا، بەڵام هاوشێوەی زۆربەی ئاوارەی کەمپەکانی دیکە، رێگەی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان پێنادرێت و دەبێت خەمی خۆیان بخۆن و روو لە ناوچەیەکی دیکە بکەن.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بکرێت و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت. هەروەها داواشکراوە، تاوانەکانی داعش بە دیکۆمێنت بکرێن و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش هەڵبدرێنەوە و ناسنامەی قوربانیانیش ئاشکرا بکرێن.