نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش ماون
زۆربەیان لە عێراقن و بەنیازی چالاکین لە ماوەی درێژمەودا
K24 - هەولێر
سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رۆژی چوارشەممە قسەی بۆ ژمارەیەک دیپلۆمات کرد و رایگەیاند گرنگە وڵاتان بەردەوام بن لەسەر لەنێوبردنی تیرۆر، ئاشکراشی کرد "لە عێراق و سووریا 10 هەزار چەکداری داعش ماون".
ڤلادیمێر فۆرۆنکۆف، سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند "نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون، کە زۆربەیان هەوڵدەدەن لەماوەی درێژمەودادا لە عێراق دەست بە چالاکی بکەنەوە".
لە عێراق، هیچ شار و گوندێک بەدەست داعش نەماوە، بەڵام بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەکدارەکان "رێکخراون و لە ناوچە بیابانی و دەشتەکانی نێوان هەردوو سنوور خۆیان حەشاردەدەن و هێرش دەکەن".
ڤلادیمێر فۆرۆنکۆف ئاماژەی بە رەوشی ترسناکی ژیانی بەشێکی زۆری ژنان و منداڵانی داعش داوە لە کەمپەکان و بەتایبەتی لە کەمپی هۆلی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
گوتیشی دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر شکاندنی داعش، هێشتا نزیکەی 27 هەزار و 500 منداڵ لە مەترسیدان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لەنێویشیاندا نزیکەی 8 هەزار منداڵ کە خەڵکی 60 وڵاتن، ئەمانەش جگە لە منداڵە عێراقییەکانی کەمپ (ـی هۆل)".
هـ.ر.