ره‌وشی كورد له‌سه‌رده‌می رۆحانی خراپتربووه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/20759656-fe70-4199-961d-c65dd6e190cf/Iran%20Human%20Rights.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئەحمەد شەھید نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافه‌كانی مرۆڤ لە ئێران بە كوردستان 24-ی راگەیاند، بایه‌خدان بە مافی كەمەنەتەوەییەكان و بەتایبەت كورد له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاروچالاكییه‌كانمان ده‌بێت.

بەشداربووانی سمیناری ناوەندی ئەتلانتیك كۆنسڵ، لە واشنتۆن پێیانوابوو، دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی سەرۆك كۆماری حەسەن رۆحانی خراپتر بووە.

لەساڵی رابردوودا نزیكەی 800 كەس لەئێران لەسێدارە دراون، و بەھەزاران كەسی دیكەش بەتاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەركراون، لەگەڵ ئەوەش بەندكردنی سیاسییەكان و رۆژنامەنووسان زیادیكردووە،و گوشارەكانیش بۆ سەر كەمە نەتەوەییەكان و بەتایبەت كورد زیادیكردووە.  ئەوە كۆی قسەی سمیناری ناوەندی ئەتلەنتیك كاونسل بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیژییە كە رۆژی پێنجشەممە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرێوەچوو. ئەحمەد شەھید نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی مافی مرۆڤی ئێرانیش بۆ كوردستان 24 دەڵێ ئەولەوییەت بەدۆخی نەتەوەكانی دیكەی ئێران دەدەن.

ئەگەرچی زۆرینەی لەسێدارەدراوانی ساڵی رابردووی ئێران بەھۆی بازرگانیكردن بەمادە ھۆشبەرەكان بووە، بەڵام لەرووی سیاسیی زۆرینەی رەھای ئەو بەندكراوە سیاسیانەی لەسێدارە دەدرێن، كوردن. بەشداربووانی ناوەندی ئەتلەنتیك كاونسڵیش دەڵێن ئەوان نەك ئاگاداری دۆخی مافی سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانن، ھاوكات لێكۆلینەوەیان لە دۆخی ئابووری و تایبەتمەندی جوگرافی كوردانی رۆژھەڵاتیش كردووە.

كۆی باسەكانی ئەو سمینارە كە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرێوەچوو، یەك خاڵی ھاوبەشی تێدایە، ئەوان دەڵێن بڕیاربوو حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران گرنگی بەمافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین و مافی كەمە نەتەوەییەكان بدات، بەڵام لەواقیعدا ھەموو دروشمەكانی كاتی بانگەشەكردنی سەرۆككۆماری ئێستا پێچەوانەكەی دەبینرێت.