سزای پێنج ساڵ بەندکردن بۆ زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی پشتڕاست کرایەوە

بەندکردنی ناڕەزایی زۆری هاووڵاتییانی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لێکەوتووەتەوە

زارا محەمەدی
زارا محەمەدی

K24 - هەولێر

لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی پشتڕاست کردەوە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە راپۆرتێکدا دوێنێ (شەممە، 13ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند "بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای پێداچوونەوەی سنە سزای 10 ساڵ بەندکردنی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی نۆژینی بۆ پێنج ساڵ بەندکران کەم کردەوە".

زارا محەمەدی لە ساڵی 2019 بەتۆمەتی گوتنەوەی زمانی کوردی، رێکخستنی سیمیناری کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەستبەسەرکرا، لە مانگی تەممووزـی 2020ـیش هەر بەو تۆمەتانە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، کە ناڕەزایی زۆری هاووڵاتییانی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لێکەوتەوە.

پێشتر رێکخراوی هەنگاو بڵاوی کردبووەوە، ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێرانیان خستووەتە پاڵ زارا محەمەدی.

زارا محەمەدی لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕوانامەی کارناسی باڵای جیۆپۆڵەتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکوانی مەدەنییە و ماوەی 10 ساڵە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە. پێش شەش ساڵ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە، وەکو سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا.

ئەنجوومەنی نۆژین یەکێکە لە ئەنجوومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای سنە کە لە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە: سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکە.

راپۆرتێکی ساڵی 2020ـی کوردستان24 لەبارەی زارا محەمەدی، کە زیاتر لە 100 پارێزەری باشووری کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنیان دەکرد:

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment