لە کەرکووک نزیکەی 100 دووکانی کاسبکارانی کورد رووخێنران

دووکاندارێک: ئەوەی ئەمڕۆ روویدا وەحشیگەری بوو

وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆی راستەوخۆکەی کوردستان24 کە دووکانە رووخاوەکان نیشاندەدات
وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆی راستەوخۆکەی کوردستان24 کە دووکانە رووخاوەکان نیشاندەدات

K24 - کەرکووک

بەشی پێشەوەی سەدان دووکانی هاووڵاتییانی کورد لە بازاڕی شۆریجەی کەرکووک، ئەمڕۆ لەلایەن قایمقامییەتی شارەکە رووخێنران، هەرچەندە ئەو دووکانانە موڵکی خەڵکن و تاپۆیان هەیە.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 100 دووکانی ئەم بازاڕە (بازاڕی شۆریجە) کەوتوونەتە بەر شاڵاوی شۆڤڵەکانی قایمقامییەتی کەرکووک، کە ئەمە بۆ چەندەمین جارە دێنە سەر ئەو بازاڕە.

بیانووی یەکەمی قایمقامییەتی کەرکووک بەگوتەی پەیامنێرەکەمان: ئەو دووکانانە، کە زۆربەیان دووکانی فیتەرین، لەو بازاڕە نەمێننەوە و بچنە گەڕەکی پیشەسازیی کەرکووک.

ئەو شوێنەی داوا دەکرێت پیشەوەرانی بازاڕەکە بۆی بگوازنەوە، گەڕەکی پیشەسازییە، کە دەکەوێتە بەری خۆرهەڵاتی کەرکووک و لە دەرەوەی سەنتەری شارەکەیە. هۆکاری ناڕازیبوونی پیشەوەرانیش ئەوەیە: هەندێکیان خاوەنی دووکانەکانیانن نایانەوێت بگوازنەوە، ئەوانەی کرێچیشن جگە لەوەی دەڵین گەڕەکی پیشەسازی دوورە، جەخت دەکەنەوە لەوەی کرێشی زیاترە.

کامێرای کوردستان24 وێنەی دیمەنی بازاڕەکە نیشاندەدات، کە بە شۆڤڵ کەپرەکانی بەردەمیان تێکدراوە و بەو شێوەیە جێهێڵراوە.

حاجی کەریم، یەکێک لە کاسبکارانی بازاڕەکەیە و بە کوردستان24ـی راگەیاند "پیشەی من لەو بازاڕەیە و کاسبی دەکەم، ئەوەی ئەمڕۆ لەم شارە، لەم گەڕەکە روویدا وەحشیگەری بوو، چونکە بەبێ ئاگادارکردنەوە و گوێگرتن هاتن... ئەو مەفرەزەیەی ئەوان کە ئەمڕۆ بۆ بازاڕەکە هاتبوون، بڕۆیشتانە بۆ داعش، لە هەر کوێ بووایە تەختیان دەکرد".

ئەو کاسبکارە هەروەها دەپرسێت "هەتاکەی ئەو شارە وابێت؟ فرۆشتیانین، بەڵام بهێڵن کەسابەتێک بکەین... ئەم دووکانانە هەموویان تاپۆیان هەیە و موڵکن".

جگە لە بازاڕی شۆریجە، بازاڕی حەسیرەکەش لە کەرکووک رووبەڕووی هەمان کێشەیە و بەردەوام داوا دەکرێت پیشەوەرانی بگوازنەوە گەڕەکی پیشەسازی.

 

هـ.ر.