قوباد تاڵه‌بانی: کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوێس خەسارەتێکی گەورەیە

هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی سیاسی ناسراو د. ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و نیگەرانی كردین، بۆ ئەم ماتەمە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە‌ دەكەم و بەشداری خەمی قووڵتانم.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

له‌ پرسه‌نامه‌كه‌دا هاتووه‌: "کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوێس خەسارەتێکی گەورەیە و جێگە‌ی ئە‌سە‌فی ھە‌موومانە‌".

ده‌قی پرسه‌نامه‌كه‌

بە‌ڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی سیاسی ناسراو د. ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و نیگەرانی كردین، بۆ ئەم ماتەمە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە‌ دەكەم و بەشداری خەمی قووڵتانم.

د. ڕۆژ لە خێزانێكی دیار و كوردپەروەر بوو،  خێزانە‌كە‌ی دۆستایەتیە‌كی دێرینیان لەگەڵ ماڵی باپیرم هەبووە. بۆ خۆشم لە زۆر وێستگە‌دا كارم لە‌گە‌ڵیان كردووە، ئەگەرچی لەسەرجەمیشیاندا هاوڕا نەبووبین، بەڵام زۆرجار لە‌ ئەزموون و پێشنیار و دەستپێخەریە‌كانیان سودمە‌ند بووم، بەتایبەت لە كایەی دانوستان و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق و وڵاتانی دەرەوە. 

د. ڕۆژ لە سەردەمی كاركردن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، دواتر لە نووسینەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا لەپاش 2003، جێگە پەنجەی دیار بوو، كەسێكی دەوڵەتمەدار و بە‌ئە‌زموون بووە‌، لە پەرلەمان و لە كابینەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێمیش كاری بەرچاوی كردووە. کۆچی دوایی خەسارەتێکی گەورەیە و جێگە‌ی ئە‌سە‌فی ھە‌موومانە‌.

جێگای بەهەشتی بەرین بێت و خوا سەبوری هەموولایەك بدات.

إنا لله وإنا إليه راجعون

قوباد تاڵەبانی

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران