وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە توندی ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییهكهی سەر فڕۆكەخانەی ھەولێر دەكات
"ھێرشە تیرۆریستییەكان ھەوڵەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ھاریكاریكردنی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناو دەبات"

K24 – ھەولێر:
وەزارەتی دەرەوی سعوودییە لە راگەیاندراوێكدا پهلاماره مووشهكییهكهی سەر فڕۆكەخانەی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستانی به توندی ئیدانه كرد.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەدا ھاتووە: "ھێرشە تیرۆریستییە ترسنۆكەكانی سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە توندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین، كە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە و سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەكان و ھەوڵەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ھاوكاریكردنی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناو دەبات".
ھەر لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "بەئامانجكردنی ئاسایش و سهقامگیری عێراق و لەقكردنی یەكێتییەكەی و كاریگەریكردن لەسەر سەلامەتی خاكەكەی، بهههموو شێوهیهك رهتدهكهینهوه".
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، گوتیشی: "جەخت لەسەر ئامادهیی و ھاوكاری تەواومان شانبهشانی كۆماری عێراق دەكەینەوە، لە ھەر ھەنگاوێك و رێكارێكدا، كە بۆ پاراستنی ئاسایشهكهی بگرێتەبەر و پشتیوانی لە ھەوڵەكانی دەكەین لە بەرەنگاربوونەوەی ئهو رێكخراوە تیرۆریستییانهی دەیانەوێت سەقامگیری و سەروەری وڵاتەكەیان لەناوببەن.