رەوتی حیكمە: بیرۆكەی دەستبادان رەتدەكەینەوە لە دۆسیەی بەشی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا
"تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم زیاترە لە تێچووی نەوتی بەرھەمھێنراو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق"
K24 – ھەولێر:
كوتلەی حیكمە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیكردەوە لە پابەندبوونی بە دانوستان و گفتوگۆكردن بۆ یەكلاییكردنەوەی بەشی ھەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا و بیرۆكەی دەستبادان لە یەكلاییكردنەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی رەتكردەوە.
عەلی بەدری، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی حیكمە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند، كوتلەكەی ئەوان "لەگەڵ دانوستان و گفتوگۆكردن و روونكردنەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستانە لە یاسای بودجەدا و لەگەڵ درووستكردنی ھیچ جۆرە كێشەیەكی سیاسی نیە لە ماوەی داھاتوودا".
گوتیشی: "حكومەتی ھەرێم لەم نزیكانە تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەنارەدەكراو بەڕێگای توركیاوە روون دەكاتەوە". ئاماژەشیكرد، "تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم زیاترە لە تێچووی نەوتی بەرھەمھێنراو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق".
بەدری بەردەوام بوو و گوتی: "حیكمە لەگەڵ بەرژەوەندی گەلە و لە روانگەی ھەڵبژاردنەوە ناڕوانێتە بودجەوە و ھاوكاتیش بیرۆكەی دەستبادان و سوود وەرگرتنی لایەنێك لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە رەتدەكاتەوە".