هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌نبار به‌ چڕی چاودێری ئاسمانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری: داوای لە حكومەتی عێراق كرد ئەمن لە وڵاتدا توندوتۆڵ بكات و جەختبكاتە سەر حاڵەتی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەكانی حكومەت و پێشمەرگە

بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار
بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار

K24 – ھەولێر:

دوای ئەوەی فڕۆكەخانەی ھەولێر بە مووشەك كرایە ئامانج، ھێزەكانی ئەمەریكا رێوشوێنە خۆپارێزییەكانیان لە گشت پێگەكانیاندا لە ئەنبار زیادكرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، ھێزەكانی ئەمەریكا لە گشت پێگەكانیاندا لە ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق رێوشوێنە ئەمنییەكانیان زیادكردووە، نەوەك ھێزەكانیان لە ناوچە جیاجیاكانی شارەكانی رۆژئاوای ئەنبار تا دەگاتە ھێڵی سنوور لەگەڵ سووریا بكرێنە ئامانج.

گوتیشی: گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە دوای چەند كاتژمێرێك ھات لەدوای ئەوەی بنكەیەكی ئەمەریكایی لە فڕۆكەخانەی ھەولێر بە مووشەك كرایە ئامانج.

ھەر ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بنكەی عەین ئەسەد جوڵەیەكی گەورەی فڕۆكەوانی بەخۆیەوە بینیوە، كە پێشتر وێنەی نەبووە، ھەروەھا ھێزێكی ئەمەریكایی ئۆپەراسیۆنێكی چاودێریكردنی ناوچەكانی دەوروبەی بنكەكەیان ئەنجامدا.

ھێزەكانی ئەمەریكا بە بەردەوامی رووپێوی ئاسمانی بۆ زۆربەی ناوچه‌كانی ئەنبار دەكەن.

لەم چوارچێوەیەدا، لیژنەی ئەمن و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دەستنیشانی ئەو ناوچانەی كرد، كە پاشماوەكانی رێكخراوی داعش دەیقۆزنەوە، كەچی بۆردومانكردنی ھەولێری بە "تێكەڵكردنی پەڕاوەكان" دانا.

محەمەد حوسێن ئەبوزەڕ، ئەندامی لیژنەكە گوتی: "لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەئامانجكردنی فڕۆكەخانەی ھەولێری سەركۆنەكرد" و روونیكردەوە، ئەو بە ئەمانجكردنە ھاوشێوەی ھەموو ئەو كارە لێكچووەكانی دیكەیە، كە لە عێراق دەكرێنە ئامانج.

گوتیشی: ئەم بە ئامانجكردنە، كارێكی تیرۆریستییە، دەگاتە ھەر ناوچەیەكی عێراق چ لە باكوور یان باشوور یان ناوەڕاستی عێراق بێت یان ناوچەكانی رۆژئاوا، داواشی لە حكومەتی عێراق كرد ئاسایش لە وڵاتدا توندوتۆڵ بكات و جەختبكاتە سەر حاڵەتی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەكانی حكومەت و پێشمەرگە.

ئەبو زەڕ گوتیشی: بەردەوام كەلێنێك ھەیە، پاشماوەكانی داعش لە میانیدا دێنە ژوورەوە، ئەویش بۆشایی ئەو ناوچانەیە، كە لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگەی وھێزەكانی عێراقی دایە".