بەھۆی كۆرۆنا قوتابخانەیەك لە ھەولێر داخرا

سێ مامۆستا و فەرمانبەرێكی قوتابخانەكە تووشی كۆرۆنا بوون

قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

ژمارەیەك مامۆستا و قوتابی لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سەنتەری شاری ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە، بەوھۆیەشەوە دەوام لەو قوتابخانەیە راگیرا.

ھێرۆ مەولودی، پەیامنێری كوردستان24 بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان سەردانی قوتابخانەكەی كرد و رایگەیاند: "سێ مامۆستا و فەرمانبەرێك لە قوتابخانەی مەولەوی لە گەڕەكی تەیراوەی ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە، بۆیە دەوام لە قوتابخانەكە راگیراوە".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "پشكنین بۆ ئەو سێ مامۆستایە و فەرمانبەرێكی قوتابخانەكە كراوە و پشتڕاست كراوەتەوە كە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە مامۆستا و فەرمانبەرانی راگەیاندووە، قوتابخانەكە داناخرێت، سبەی بە قوتابخانەكە بە دەرمانی تایبەت دەشۆن و سەرەتایی ھەفتەی داھاتوو دەوام لە قوتابخانەكە ئاسایی دەبێتەوە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوی فەرمیدا ئاماژەیان بەوەكردبوو، ئەگەر لە ھەر پۆلێكدا قوتابیەك تووشی كۆرۆنا بوو پۆلەكە دادەخرێت. ئەگەر پێنج حاڵەتی كۆرۆناش تۆمار كرا، قوتابخانەكە دادەخرێت.

بە بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا 7/2/2021 خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە. پێشتریش لە 16/1/2021 قوتابیانی قۆناغی 12ی ئامادەیی چوونەوە ناو پۆلەكان.

ھ.م