قوباد تاڵه‌بانی: رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ سه‌قامگیری عێراق

قوباد تاڵەبانی لەبەغدا بەشداریی لەوێبناری كاری فەرەنسی _ عێراقی كرد

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریکرد لە دیداری ئەنجومەنی کاری فەرەنسی _ عێراقی و جەختیكردەوە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەڕەخسێنن بۆ كاركردن.

لە سمینارەکەدا ئەمڕۆ (18ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021) كە هەر یەکە لە ئارنۆد برولاک سەرۆکی ئەنجومەنی کاری فەرەنسی _ عێراقی، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا عەلی دۆڵەمەڕی و کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەرەنسییەکان کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات رووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم دا و رایگەیاند، لە رابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی چاکسازی گیراونەتەبەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیدا کۆمەڵێک چاکسازی لە یاسا کۆنەکانیدا دەکرێت، ئەمانەش هەموو هاندەر و یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە ستراتیژی حکومەت بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابووری هەرێم کرد، لەم چوارچێوەیەشدا بە گرنگییەوە ئاماژەی بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی کرد، کە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەرەنسی دەتوانن بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانیان.

لە درێژەی باسەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەکانی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدای کرد و رایگەیاند بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ توانای زیاتریان هەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرێکی بە‌هێز دەبن بۆ دابینکردنی ئارامی و بەرقەراركردنی سەقامگیری لە هەموو عێراقدا.