كۆشكی سپی: ئێران ھەر زۆر دوورە لە پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمی
واشنتن "ھەوڵەكانی لەگەڵ ھاوبەشان و ھاوپەیمانەكانی دەخاتەگەڕ لەمەڕ ئایندەی رێككەوتنی ئەتۆمی و رێگرتن لە ئێران لە بەدەستھێنانی چەكی ئەتۆمی"
K24 – ھەولێر:
گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی سپی، جین بساكی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئێران "ھەر زۆر دووە لە پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمی"، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "رۆیتەرز" گواستوویەتەوە.
گوتیشی: واشنتن "ھەوڵەكانی لەگەڵ ھاوبەشان و ھاوپەیمانەكانی دەخاتەگەڕ لەمەڕ ئایندەی رێككەوتنی ئەتۆمی و رێگرتن لە ئێران لە بەدەستھێنانی چەكی ئەتۆمی".
راگەیاندنی بساكی ھاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی رۆحانی بەوەی تاران دەیەوێت واشنتن پابەند بێت بە بەڵێنەكانی لە رێككەوتنی ئەتۆمی و ئامانجی لە كەمكردنەوەی پابەندییە ئەتۆمییەكان ھەراسانكردنی ئەمەریكا نییە.
ھەروەھا رۆحانی ھەر ئەمڕۆ پێشتر جەختیكردەوە لەوەی "نابێت رێگا بدرێت بە وێرانكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی و كۆمسیاری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت رۆڵێك بگێڕێت لە پێشنیازكردنی ھەنگاوەكانی رێكخستنی گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنەكە".
گوتیشی: "رێككەوتنی ئەتۆمی، دەستكەوتێكی دیپلۆماسی گرنگی ھەمە لایەنە و پێویستە بپارێزرێت". داواشی لە یەكێتی ئەوروپا كرد "رۆڵێكی گونجاو بگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی یەكلایەنەی ئەمەریكا".
سەرچاوە: RT