ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێریان كرد
هێرش کردنەسەر هاوپەیمانان و ناتۆ بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیە
K24 – ھەولێر:
ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی 15 ی مانگی بۆ سەر هەولێریان كرد و رایانگەیاند، ئەو جۆرە هێرشانە قبوڵکراو نین.
دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەوە و لە بەشێکی راگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئیدانەی هێرشە مووشەکیەکانی 15ی مانگی سەر هەولێر دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هێرش کردنەسەر هاوپەیمانان و ناتۆ بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا باس لە هەڕەشەکانی داعش کراوە و دەڵێن: هەڵمەتەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە لە 83 وڵات پێکدێن، لە سووریا و عێراق بەردەوام دەبن.
ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، زیاترکردنی هەماهەنگییان بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی داعش بە گرنگ زانی.
ھەروەھا لە بارەی ئێرانەوە ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوایان لە تاران كرد، لەو هەنگاوە مەترسیدارەی گرتوویەتیەبەر پاشگەزبێتەوە و هۆشداریان دایە ئێران، بیر لە ئەنجامی کارەکانی بکاتەوە.
لەو راگەیاندراوە هاوبەشەدا، ئەو چوار وڵاتە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی و رێگریکردن لە تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەلایەن تارانەوە بە هەنگاوێکی مەترسیداریان زانی.
داواشیان لە ئێران كرد، بەتەواوی بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی.
لە راگەیاندراوە هاوبەشەی زلهێزانی رۆژئاوادا هاتووە: "ئێستا دەرفەتێکی نوێ بۆ کاری دیپلۆماسی هاتووەتە پێشەوە و پێویستە ئێران بیر لە ئەنجامی هەنگاوە مەترسیدارەکانی بکاتەوە.
ئەم راگەیاندراوە هاوبەشە دوای کۆبوونەوەی هەرچوار وڵات دێت و دوو رۆژ پێش ئەو وادەیەیە، کە ئێران بۆ ئەمەریکا و ڵاتانی رۆژئاوای داناوە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.