واشنتن: ھەوڵی رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ ئێران دەدەین

"ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشتر دوودڵ نەبووە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر ھەر كەس و كیانێكدا كە پشتیوانی لە چالاكییە تیرۆریستییە ناڕەواكانی حزبوڵڵا بكات"

باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا
باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 – ھەولێر:

گیرالدین گریفیس، گوتەبێژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جەختیكردەوە "ئاسایشی ھاوپەیمانانمان و ھاوبەشانمان لە ناوچەكەدا كارێكی گرنگە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێمە بەردەوام لەگەڵ دۆستانمان لە ناوچەی كەنداو قسەدەكەین و لە پەیوەندیداین". روونیشیكردەوە واشنتن ھیچ سازشێك بۆ ئێران ناكات بەڵكو ھەوڵدەدات دیپلۆماسییەت كارا بكات.

گریفس گوتیشی: "ئێمە تێدەگەین ھاوپەیمانان و ھاوبەشانمان مەترسی ئەمنی راستەقینەیان ھەیە لە ئەنجامی ھەڕەشەكانی ئێران لەبواری دۆسیەی ئەتۆمییەوە، ئەمە جگە لە بەكرێگرتەكانی و كارەكانیان لە لەقكردنی سەقامگیریدا، بۆیە بەردەوام لە گفتوگۆداین لەبارەی بەھێزكردنی ھاریكاری لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەواندا، بۆ نموونە، ناوە ناوە مانۆڕ و مەشقی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی كەنداو ئەنجامدەدرێت، لەم دوایەشدا لە بنكەی ئاسمانی شا فەیسەل مەشقێكی ھاوبەش ئەنجامدرا".

ھەروەھا گوتیشی: "لەسەر ئاستی جیاجیادا ھاریكاری لە نێوانمان دا ھەیە لەوەی پەیوەستە بە دەوڵەتانی كەنداو و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ھاوبەشمان دژ بە ھەڕەشە هاوبه‌شه‌كان".

سەبارەت بە سیاسەتی سزاكان لەسەر ئێران، گریفیس گوتی: "گشت بژاردەكان لەسەر مێز خراونەتەڕوو و ویلایەتە یەكگرتووەكان شێوازە جیاجیاكانی خۆی ھەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكان. ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشتر دوودڵ نەبووە لە سەپاندنی سزاكان بەسەر ھەر كەس و كیانێكدا، كە پشتیوانی لە چالاكییە تیرۆریستییە ناڕەواكانی حزبوڵڵا بكات".

ئاماژەشیكرد، ئه‌مه‌ریكا گەشبینە لەبارەی گەیشتن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و گوتی: "سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن و وەزیری دەرەوە، ئەنتۆنی بلینكن زۆر روون بوون، كاتێك رایانگەیاند، واشنتن ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئەگەر ئێران پەیڕەوی پابەندییەكانی بكات".

روونیشیكردەوە، "بێگومان ئیدارەی بایدن ھەوڵدەدات بگاتە رێككەوتنێكی گشتگیر، كە ھەموو ئەو شتانە نیگەرانی دەورووژێن بگرێتە خۆی نەك تەنھا دۆسیەی ئەتۆمی".