پێنتاگۆن دەرگا واڵا دەكات بۆ ناردنی ھێزی زیاتر بۆ عێراق
ویلایەتە یەكگرتووەكان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی پێكھێنانی ھێز دەكات بۆ نێردەی ناتۆ بۆ عێراق
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پێنتاگۆن" دەرگای لەبەردەم ئەگەری ناردنی ھێزی زیاتری ئەمەریكا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كردهوە، وەك بەشێك لە ئەركە بەرفراوانە نوێیەكەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ پشتیوانیكردنی ھێزەكانی عێراقی و دڵنیابوون لە سەرھەڵنەدانەوەی داعش.
گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن، جیسیكا ماكنۆڵتی گوتی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی پێكھێنانی ھێز دەكات بۆ نێردەی ناتۆ بۆ عێراق، و بە رێژەی خۆی بەشداری لەم ئەركە بەرفراوانە گرنگەدا دەكات"، بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن".
وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن، پێشتر لەگەڵ ھاوتاكانی لە ناتۆدا لە میانی كۆبوونەوەی دوێنێی وەزیرانی بەرگریدا باسی ئەو ئەركەیە كردبوو.
لە لایەن خۆیەوە گوتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن، جۆن كێربی روونیكردەوە، "ھیچ پلانێك لە ئارادا نییە" بۆ ناردنی ھێزی زیاتری ئەمەریكا بۆ عێراق، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێكی بەرگری بە تۆڕی "سی ئێن ئێن" گوتووە، دەكرێت ھێزەكانی ئەمەریكاش پشتیوانی لەو ئەركە بكەن لە دەرەوەی وڵاتدا".
كێربی لە سەر توێتەر گوتی: "پشتیوانی لە ئەركە بەرفراوانەكەی ناتۆ لە عێراق دەكات و ھەوڵدەدەین ئەو كارە بكەین، بەڵام ھیچ پلانێك لەئارادا نییە بۆ زیادكردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لەوێ".
لەوانەیە ھەنگاوێكی لەم جۆرە وەك رەنگدانەوەیەك بێت بۆ سیاسەتەكانی ئیدارەی پێشوو، كە ژمارەی ھێزەكانی لە عێراق بۆ 2500 سەرباز كەمكردەوە دوای ئەوەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لە ھەڵبژاردەنەكاندا دۆڕا.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژی پێنجشەممە، ئەمینداری گشتی پەیمانی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ گوتی: "ئەركی ناتۆ لە 500 كەسەوە زیاد دەكرێت بۆ نزیكەی چوار ھەزار كەس.
ئۆستن پێشوازی لە ئەركی "بەرفراوانكردنی رۆڵ"ی ناتۆی لە عێراق كرد، بەپێی ئەو مشتومڕانەی پێنتاگۆن ئەنجامی دا، متمانەی خۆیشی دەربڕی بەوەی گشت ئەو كارەی تاكو ئێستا لەگەڵ حكومەتی عێراق و ھێزەكانی ئەمنی عێراق ئەنجامدراوە بەرەو ئەركی خۆبەڕێوەبردن و لەسەرپێ وەستانی دەبات.
ستۆلتنبێرگ جەختی لەسەر گرنگی ئەركی ناتۆ كردەوە بۆ رێگاگرتن لە گەڕانەوەی داعش. گوتیشی: "پێش ماوەیەك، داعش دەستی بە سەر ناوچەیەكی بە قەبارەی شانشینی یەكگرتوو و 8 ملیۆن كەس داگرتبوو. ئەو كۆنترۆڵەیان لەدەستدا، بەڵام داعش ھێشتا ماوە و لە عێراقدا كار دەكات. ئێمە پێویستیمان بە دڵنیابوونە لەوەی كە نەتوانن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە. ھەروەھا دەبینین ھێرشەكانی داعش ھەندێك زیاد بووە، ئەمەش رووناكی دەخاتە سەر گرنگی بەھێزكردنی ھێزەكانی عێراق".
ھەروەھا ستۆلتببێرگ گوتی: "زیادكردنی ھێزەكانی ناتۆ پەیتا پەیتا دەبێت و لە سەر داواكاری حكومەتی عێراقە".