وەزارەتی پێشمەرگە: پێشوازی لە بڕیارەكەی ناتۆ دەكەین بۆ زیادكردنی ھێزەكانی لەعێراق
راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی خواردووه بەڵام وهك ئایدۆلۆجیا لە ناو نەچووه و ماوه
K24 – ھەولێر:
لە بارەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوان ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و ھێزەكانی عێراقدا ھەیە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان ھەیە، ھەروەھا كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانی لە سەر ھێرشە مووشەكییە كرایە سەر ھەولێر، عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری راگهیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی خواردووه بەڵام وهك ئایدۆلۆجیا لە ناو نەچووه و ماوه و ئێستا لە ئەنجامی ھەبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و ھەبوونی زەمینەیەكی باش بۆیان توانیان زیاتر خۆیان رێكبخەنەوە.
عەمید عوسمان محەمەد، گوتی: داعش تاكتیكی شەڕ و جوڵەكانیان گۆڕیوە، ئێستا ئەو ناوچانەی كەوتووەتە نێوان ھیزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراقی بووەتە شوێنێكی ئارام بۆیان و ھەرەھا ھەندێك ناوچەی دیكە، كە هۆزهكان تێیاندا نیشتهجێن، داعش توانیویەتی جوڵەی باشتری تێدا بكات و خۆی رێكبخاتەوە. ھێزەكانی ئەمنی عێراقی نەیتوانیوە ھەموو ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكات، بۆیە داعش توانی لە میانی ساڵی رابردوودا، جۆرێك لە ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجامبدات. پێشتر بە دانانی بۆمبی چێنراو بوو، ئێستا گەیشتووەتە رادەیەك ھێرش دەكاتە سەر بازگە و بنكە سەربازییەكان و بارەگەكانی ھێزەكانی ئەمەنی عێراقی. كەواتە داعش توانیویەتی لە رووی تەكنیكەوە قۆناغ بە قۆناغ ھەڵكشێت تا گەیشتووەتە ئێرە.
گوتیشی: ئێستا ئەو دۆخە رێك ئەو دۆخەی پێش 2014یه، بەر لە گرتنی مووسڵ بەبیر دێنێتەوە. ئەو كات بوونی خۆیان لە عێراق و سووریا راگەیاند، دەستیان بە كۆمەڵێك ئۆپەراسیۆنی لاوەكی و بچووك بچووك كرد وەك ئەوەی، كە ئێستا ھەیە. دواتر ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی میدیاییان ئەنجامدا و ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆریان نایەوە و دواتر وایانكرد خەڵك پێشوازییان لێیان بكات. ژمارەی ئەو چەكدارە داعشانەی چونە مووسڵ ژمارەیان بەرامبەر بە ژمارەی سوپای عێراق لەو ناوچەیەدا دەتوانین ھەر بە نەبوون ھەژمار بكرێن، كە ئەوەند كەم بوون؛ بەڵام توانیان لە رێگای میدیاوە و لە رێگای راكێشانی سەرنجی خەڵكەوە بە ماوەیەكی كەم مووسڵ بگرن و دواتر بەرەو ناوچەكانی دیكە پەلبھاوێژن. ئێستاش ئەم دۆخە ھەمان یان ھاوشێوەی دۆخەكەی جارانە.
ههروهها گوتی: من پێموانییە بتوانێت وەكو جاران شارێكی گەورەی وەكو مووسڵ بگرێت، بەڵام دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی گەورە ئەنجام بدات، ئەگەر زوو فریای نەكەوین.
بەڕێوەبەری راگهیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بارەی ئەو ھێرشە مووشەكییەكەی كرایە سەر ھەولێر لە رۆژی 15 ئەم مانگهدا، گوتی: جارێك ئێمە پێشوازی لە بڕیارەكەی ناتۆ دەكەین لە زیادكردنی ھێزەكانی لەعێراق بۆ چوار ھەزار سەرباز، چونكە بە ھەبوونی ئەو راوێژكارانی سەربازی و مەشقپێدرانی ھێزەكانی ناتۆ لە ھەرێمی كوردستان، ھێزی پێشمەرگە قۆناغێكی دیكە دەڕواتە پێشەوە.
گوتیشی: ئەو بڕیارەش ھاوكاتە لەگەڵ ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر و ئەو رووداوە دەنگدانەوەیەكی سیاسی گەورەی بەدواوەوەیە. پێشتریش ناتۆ ھاوكاری ھێزی پێشمەرگەی كردووە و ئێستاش، ئەگەر ژمارەی سەربازانی بچێتە سەرەوە، بێگومان ھاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگەی كوردستان زیاتر دەبێت.