ئیسرائیل هۆشداریی دەدات

هەڵوێستی نوێی ئەمەریکا لەسەر ئێران، ئیسرائیل نیگەران دەکات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

K24- هەولێر:

رۆژنامەی نیویۆرک پۆست لە راپۆرتێکی ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل هۆشداریی لە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران داوە و دەڵێت، ئەو هەنگاوە ئێران دەکاتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نووسینگەی بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی تاوەکو رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل و ئەمەریکا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێگە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بگیرێت.

پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەمەریکا داوەتننامەی بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئێران پەسەند دەکات تاوەکو گفتوگۆ لەسەر رێککەوتننامەی ئەتۆمی بکەن.

نیویۆرک پۆست ئاشکرایکردووە، بەپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات، کۆبوونەوەیەکی نافەرمی لە نێوان ئەو وڵاتانە ساز بکات کە واژۆیان لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کردووە.

هەڵوێستی ئێران وەک ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، جەواد زەریف رایگەیاندووە ئەوەیە، لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، تاران دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

هەروەها شەوی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، چالاکییەکانی ئێران کە دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان دەکەن.

سێ ساڵ دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە ساڵی 2018 بڕیاریدا لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە بەوەی تارانی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵی ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و کاریش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.