روونکردنەوەیەک لە پارێزگای هەولێرەوە
داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات
K24- هەولێر:
پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، هیچ رێوڕەسمێک بۆ پێشوازیکردن لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەهۆی رێنماییە تەندروستییەکان ئەنجام نادرێت.
لە روونکردنەوەکە هاتووە، وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک هیچ مەراسیم و ڕێورەسمێک بۆ پێشوازیکردن و پیرۆزبایی بەبۆنەی دەست بەکاربوونی بەڕێز ئومێد خۆشناو بە پارێزگاری نوێی هەولێر ئەنجامنادرێت.
دەقی روونکردنەوەکە:
بەهۆی پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕایکردنی مامەڵە و کاروباری هاوڵاتییان، وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک هیچ مەراسیم و ڕێورەسمێک بۆ پێشوازیکردن و پیرۆزبایی بەبۆنەی دەست بەکاربوونی بەڕێز ئومێد خۆشناو بە پارێزگاری نوێی هەولێر ئەنجامنادرێت، لەبری ئەمە دەکرێت لەشوێن و پێگەکانتانەوە پیرۆزباییەکانتان ئاڕاستەمان بکرێت، داواکاری بەڕێز ئومێد خۆشناو بۆ ئێوەی بەڕێز لەجیاتی پیرۆزبایی ناردنی فاتیحایەکە بۆ ڕوحی جوانەمەرگ (د.فەرسەت سۆفی) ، ئێمە سوپاستان دەکەین.
هەروەها داواکارین لەسەرجەم کارمەند و فەرمانبەر و بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕیی و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان ، لەبڕی سەردانیکردنیان بۆ دیوانی پارێزگا بەمەبەستی پیرۆزباییکردن ، ئەو زەحمەتە نەکێشن ، لە ئایندەدا بەشی زۆری کارمان مەیدانی دەبێت ، واتە خۆمان سەردانی سەرجەم سنوور و فەرمانگە و شوێنەکان دەکەین، لەبری ئەزیەت کێشانتان، نزای سەرکەوتن و پشتیوانی ئەرکەکەمان بن و لەپێگە و شوێنی خۆتانەوە لەجیاتی پیرۆزبایی، خەریکی ڕایکردنی مامەڵەو کاروباری هاوڵاتییانبن سوپاستان دەکەین.
دووبارە سوپاس و ستایش و ڕێزی زۆرمان بۆ هەموولایەک
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2021.2.20