شارەوانی هەولێر ئاسانکاریی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات
کابینەی نۆیەم کار لە سەر نەهێشتنی ئەو رووتینە دەکات کە پاشماوەی کابینەکانی پێشووە
K24- هەولێر:
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد بە کوردستان24ـی راگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیدا، تەواوی رێکارەکانی بۆ کەمکردنەوەی رووتین گرتووەتەبەر و ئاسانکاریی پێویست بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکرێت بۆ تاپۆکردنی زەوییەکانیان.
کار لە سەر نەهێشتنی ئەو رووتینەش دەکات کە پاشماوەی کابینەکانی پێشووە.
روونیشیکردەوە، کە گشت کارتەکان، کە بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال کراوان و هاووڵاتیان لە کابینەکانی پێشوو دابەش کراون، ئێمە لەم کابینەیە بڕیارمانداوە کارتەکان بکەینە تاپۆ. بۆ نەهێشتنی رووتینیش بڕیارمانداوە زۆربەی کارە ئیدارییەکان خۆمان ئەنجامیان بدەین تاوەکو هاووڵاتیان تووشی زەحمەت نەبن. بۆ ئەم مەبەستەش بۆ هەر شارەوانییەک دوو تیم پێکهێنراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە گشت بوارەکان دەستمان بە نەهێشتنی ڕووتین کردووە.
هەروەها مەریوان هادی، جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئەو دەنگۆیەی ڕەتکردەوە کە باس لە وەرگرتنەوەی زەوی لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات؛ گوتیشی بە پێچەوانەوە، ئێمە ئاسانکارییان بۆ دەکەین.