ژمارەی ئەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا ئاشکرا دەکرێت كه لە جیهان دابەشکراون
چەند ڤاکسینی کۆرۆنا دابەش کراون؟
K24- هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەی ئێف پی، بڵاویکردەوە، 200 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا لە 107 وڵاتی جیهان دابەشکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 47٪ تەواوی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا لە وڵاتانی زەنگینی جی- 7 دابەشکراون کە وڵاتانی کەنەدا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ژاپۆن دەگرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تەواوی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە، 10٪ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
کۆرۆنای نوێ لە هەندێک ناوچە، مەترسیی ئەو ڤایرۆسەی زیاتر کردووە، بەوەی توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت، ئەگەر هەیە ڤاکسینی کۆرۆنا کاریگەری تەواوی لەسەر ئەو جۆرە نوێیە نەبێت. لەگەڵ ئەوەش، دابەشکردن و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهان بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر، ملیاردەها دۆلار قازانج بکەن.
لە دواین هەوڵدا، حکومەتی رووسیا جۆری سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی پەسەند کردووە و پێشبڕکێکەش لە جیهان لەو بوارەدا بەردەوامە.