لە كۆتایی ئەم مانگە زیاتر لە 3 ملیۆن پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا دەگاته عێراق
نیوهی تووشبووانی نوێی كۆرۆنا لە عێراق، تووشبووانی وەچەی نوێی كۆرۆنان
K24 – ھەولێر:
وەزیری تەندرووستی و ژینگەی عێراق، حەسەن تەمیمی، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە كۆتایی ئەم مانگەدا زیاتر لە 3 ملیۆن پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگاتە وڵات.
تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "50% لە تووشبووانی نوێی كۆرۆنا، تووشبووانی وەچەی نوێی كۆرۆنان".
گوتیشی: "وەزارەت لە نزیكەوە چاودێری تەندرووستی لە وڵات دەكات و تێبینی كردووە ھاووڵاتیان پابەندن بە بەستنی دەمامك".
وەزیری عێراقی جەختیكردەوە، "لەسەر داخستنی ژمارەیەكی زۆر لە دەرمانخانانەی یاری بە نرخی دەمامك دەكەن".
ھەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندرووستی و ژینگەی عێراقی دووبارە ھۆشداری دا لە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای ئەوەی تویژی منداڵان و گەنجان "بەتوندی" تووشبوون.