سەرۆکی حکومەت: هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی رەوتیی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانیی عێراقیون دەکات
K24- هەولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتیی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی عیراقیون کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.
سەرۆکی ڕەوتیی حیکمەی نیشتمانی وهاوپەیمانی عێراقیون، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان ، بە دۆست و هاوپەیمانیی خۆمان دەزانین و پێویستە دەستوور، بکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. گوتیشی ئێمە پشتگیریی ئەو ڕێککەوتنە دەکەین کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتەئارا لە سەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هيوادارين لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی لە سەر بدرێت.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێم، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بووە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تایبەتمەندی و قەوارەی فیدراڵی هەرێم و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوسەنگی و شەراکەت و سازان.

