فازڵ میرانی: له پێشنیازی درووستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی فراوان ده‌كۆڵینه‌وه
"عه‌مار حه‌كیم"، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه به مه‌به‌ستی رێكخستنی مه‌راسیمی ماته‌مینی ساڵیادی تیرۆركردنی "محه‌ممه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم" له هه‌رێمی كوردستانه و پێشنیازێكی له باره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی فراوان خستووه‌ته‌ڕوو.
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، "فازڵ میرانی" رایگه‌یاند، پێشنیازی درووستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی فراوان له لایه‌ن "عه‌مار حه‌كیم" سه‌رۆكی ره‌وتی "حیكمه" خراوه‌ته‌ڕوو، ئێمه وه‌ك پارتی له ناو خۆماندا و دواتریش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ئه‌و پرسه تاوتوێ ده‌كه‌ین.
"عه‌مار حه‌كیم"، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه به مه‌به‌ستی رێكخستنی مه‌راسیمی ماته‌مینی ساڵیادی تیرۆركردنی "محه‌ممه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم" له هه‌رێمی كوردستانه و پێشنیازێكی له باره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی فراوان خستووه‌ته‌ڕوو.
له دوو رۆژی رابردوودا له شاری سلێمانی و ئه‌مڕۆش له هه‌ولێری پایته‌خت، مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی "محه‌ممه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم" به‌ڕێوه‌چوو.
"محه‌ممه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم ته‌باته‌بائی" له‌دایكبووی (8ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 1939) بوو، ئه‌و له (29ی ئاب/ ئۆگستی 2003) به‌رامبه‌ر به (1ی ره‌جه‌بی 1423ی كۆچی مانگی) له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیی له نه‌جه‌ف گیانی له‌ده‌ستدا.
"ئه‌لحه‌كیم" دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بوو. به هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌باره‌ت به كورد و پشتیوانیكردنی بۆ خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری كورد، دۆستایه‌تییه‌كی دێرینی له‌گه‌ڵ كورددا هه‌بوو، له كاتێكدا له عێراقی عه‌ره‌بیدا به‌رده‌وام نكۆڵی له‌و مافانه‌ی كراوه.
فازڵ میرانی، له باره‌ی مافه‌كانی كورده‌وه گوتی: "مافه‌كان نادرێن و وه‌رده‌گیرێن. ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین زۆر پێش عه‌ره‌ب له عێراقین، ئێمه له خاكی خۆمان بووینه. پێش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی كوردستان به‌شێك نه‌بووه له عێراق. ئێستا ئێمه به‌شێكین".
گوتیشی: "كاتی ریفراندۆمیش گوتم: تا له عێراقدا بین، عێراقیین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له عێراق ده‌رچووین ده‌بینه دراوسێیه‌كی باش. ده‌بێت مافه‌كانی خۆمان وه‌ربگرین و كه‌س نامانداتێ".
"میرانی" له باره‌ی هه‌وڵی سه‌پاندنی حوكمی زۆرینه‌ی نوێنه‌ران به‌سه‌ر گه‌لانی عێراقدا، گوتی: "زۆرینه‌ی (50+1) زۆرینه‌یه‌كی باش نییه. چونكه ئه‌گه‌ر (50-1) به‌رهه‌ڵستكار بێت، نه زۆرینه‌كه خۆشحاڵ ده‌بێت به سه‌ركه‌وتنی خۆی و نه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان ره‌وشیان باش ده‌بێت. واته سه‌قامگیری له‌م وڵاته درووست نابێت".
له باره‌ی پێشنیازه‌كه‌ی "عه‌مار حه‌كیم"ه‌وه، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمه دیراسه‌ی ده‌كه‌ین. به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه باشه. ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی ئه‌وان دیراسه ده‌كه‌ین. هه‌وڵده‌ده‌ین هاوپه‌یمانییه‌كی وا هه‌بێت. به‌ڵام به به‌رنامه بێت".
له باره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه، "میرانی" روونیكرده‌وه، "پێویسته بكرێته مه‌رج، كه ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌ستوور ده‌بێت یه‌كێك له داواكارییه هه‌ره گرنگه‌كانی كورد بێت".
كورد ترسی له گۆڕین و هه‌مواری ئه‌و ده‌ستووره هه‌یه، كه سه‌ركرده باڵاكانی كورد له دوای رووخانی رژێمی به‌عس له (2003) رۆڵێكی كارایان له نووسینه‌وه‌ی هه‌بووه.
پێش قۆناغی داڕشتنی ده‌ستوور، یاسای ئیداره‌ی كاتی له عێراق په‌سند كرابوو. ئه‌و یاسایه كرایه بنه‌ما بۆ داڕشتنی ده‌ستووری عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی و چه‌سپاندنی مافی ته‌واوی پێكهاته‌كان.
له (2005)دا خه‌ڵكی عێراق ده‌نگیان به پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا. یه‌كێك له دیارترین ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه‌ی تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه و كورد داوای جێبه‌جێكردنی ده‌كات، مادده‌ی (140)ی ده‌ستووره.
"فازڵ میرانی" به بیری هێنایه‌وه، كه كێشه‌ی كورد له عێراقدا ته‌نیا بابه‌تی "بودجه و مووچه نییه" و گوتی: "ئێستا به‌داخه‌وه مافی كورد ته‌نیا شایسته داراییه‌كان نین. مافی كورد زۆرن. دارایی ساڵی جارێك دووباره ده‌بێته‌وه. ئێمه كۆمه‌ڵێك پۆستی گرنگمان له به‌غدا له‌ده‌ست داوه. ئێمه شه‌ریكین یان موشاركین. ئه‌بێ ئه‌وه روون بێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "كورد ده‌ڵێت قڕه‌ی مریشك له فه‌ساحه‌تی شێخ ره‌زا باشتره. بۆیه ده‌ربازبوونی بودجه پێوه‌ری راستگۆیی ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئێمه".
ئه‌م وته‌ی "فازڵ میرانی" له كاتێكدایه، پرسی بودجه‌ی (2021)ی عێراق له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و وه‌ك یاسا ده‌ربچێت.
پڕۆژه‌یاسای بودجه سه‌ره‌تا له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك وه‌زیران، "مه‌سرور بارزانی" و حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران، "مسته‌فا كازمی" رێككه‌وتنی له‌باره‌وه كراوه، به‌ڵام به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌تیده‌كه‌نه‌وه رێگه بده‌ن پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌كه‌دا په‌سند بكه‌ن.
داڕشتنه‌وه:ئ.ر