رێگای مەرزی کێلێ.. گیرخواردنی شۆفێرێک لەنێو بارهەڵگرە وەرگەڕاوەکەی و گیانلەدەستدانی

دوای نزیکەی چوار کاتژمێر توانرا دەربهێنرێت و، لەبەردەم نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئاراس حەسەن، لەگەڵ بارهەڵگرەکە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئاراس حەسەن، لەگەڵ بارهەڵگرەکە

K24 - هەولێر

لەسەر رێگای مەرزی کێلێ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارهەڵگرێک وەرگەڕا، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی شۆفێرەکەی کە لەنێویدا گیری خواردبوو، تیمەکانی فریاکەوتن و هاووڵاتییان توانیان شۆفێرەکە دەربهێنن، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە بەدیاریکراوی لەنێوان گوندی گیرە و دارەشمانە لە کاتژمێر 04:30ـی دوای نیوەڕۆ روویدا، شۆفێرەکە بارهەڵگرێکی لێخوڕیوە لەجۆری ئەلبی و بارە تەماتەی لە ئێرانەوە هێناوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە لە کێلێ لە رێگا دەرچووە و هەڵدێراوە.

رێگای کێلێ، رێگایەکی شاخاویی پێچاوپێچە، لە ساڵی 2017 دروستکراوە و بێ چاڵوچۆڵە. رێگای مەرزی کێلێ لە رۆژی پێنجشەممەوە بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە داخرابوو، بەڵام لە بەیانیی ئەمڕۆوە (یەکشەممە، 21ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) کراوەتەوە.

تیمەکانی فریاکەوتن، پۆلیس و بەرگریی شارستانی لەدوای رووداوەکە گەیشتوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان هەوڵیانداوە شۆفێرەکە دەربهێنن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە وەکو لەو ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت، بەجۆرێک وەرگەڕاوە، دەرهێنانی شۆفێرەکە زۆر سەخت بووە.

نەقیب عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی راپەرین بە کوردستان24ـی راگەیاند "توانرا شۆفێرەکە لەنێو بارهەڵگرەکە دەربهێنرێت و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی قەڵادزێ، تاوەکو دەرگای نەخۆشخانەکەش، شۆفێرەکە لە ژیاندا بووە، بەڵام بەداخەوە لەوێ گیانی لەدەستداوە".

شۆفێرەکە ناوی ئاراس حەسەنە، لەدایکبووی ساڵی 1985ـە و خێزاندار بووە.

لە کۆتایی ئەو هەفتەیەوە، واتا لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، ئەمە نۆیەمین حاڵەتی قوربانیی هاتووچۆیە کە لە سنوورەکە روودەدات، دوای ئەوەی ئێوارەی هەینی لەسەر شەممە، ئەم هەفتەیە لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری رانیە، هەشت کەس بریندار بوون.

بەگوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی راپەڕین، ئەو دوو رووداوەی ئێوارەی هەینی روویاندا، لەئەنجامی پابەند نەبوون بوون بە رێکارەکانی هاتووچۆ و بەهۆی سەرکێشی و تیژڕۆیی شۆفێرەکانەوە بوون.

 

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment