ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان: بەم نزیكانە له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییە ئەمنییەكان

خەفاجی: سوپا و پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەكان پڕ دەكەنەوە

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند، لەم نزیكانە كۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ فەرماندەیی پێشمەرگە ئەنجامدەدرێن لە پێناو كەمكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراقی.

خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: كۆبوونەوەكانی پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لە ناوچەكانی نێوان ھەردوو لایەن لەو ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان لە میانی دانانی ھێزەكانی سوپا و پێشمەرگە پڕ دەكرێنەوە بە ئامانجی لەناوبردنی تیرۆر لەو ناوچانە".

بڕیارە رۆژانی داھاتوو چەندین كۆبوونەوە لە نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان و فەرماندەیی ھێزەكانی پێشمەرگە ئەنجامبدرێن سەبارەت بە "چەندین تەوەری گرنگ".

یەكێك لەو تەوه‌رانە، دەستپێكردنەوەی كاری ھاوبەشە لەنێون سوپا و پێشمەرگەدا بۆ راونانی "تیرۆرستەكان" و كردنەوەی بنكەی نوێی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لایەندا، بەپێی قسەكانی خەفاجی.

رۆژی دووشەممە رابردوو، شاری ھەولێر كرایە ئامانجی ھێرشێكی مووشەكی و لە ئەنجامدا گرێبەستكارێكی بیانی كوژرا و ژمارەیەكیش بریندار بوون لە ناو برینداراندا ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكایش ھەبوون، ئەم ھێرشە لە سەر ئاستی ھەرێم و عێراق و نێودەوڵەتییەوە ناڕەزایی و سەركۆنەكردنی ھێرشەكەی لێكەوتەوە، كە جەختكرایەوە لە سەر ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی ھاوبەش و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە بە ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا.

ھەرچەندە ئەو ناوچانە چەند ساڵێكە بۆشاییەكی ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە و مایەی نیگەرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و جگە لە قۆستنەوەی ئەو ناوچانە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە، ئەمە جاری دووەمە لە لایەن چەكدارانی لەیاسا دەرچوو شاری ھەولێر دەكەنە ئامانجی ھێرشە مووشەكەكانیان.

سەرچاوە: "المورد"