سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی د. رۆژ نووری شاوەیسەوە

"هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، نموونەی بێگەردترین وەفای 63 ساڵ هاوڕێیەتی بوو"

دیمەنێکی مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی د. رۆژ نووری شاوەیس لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان
دیمەنێکی مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی د. رۆژ نووری شاوەیس لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

بنەماڵەی د. رۆژ نووری شاوەیس ئەمڕۆ سوپاسنامەیەکیان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەشدارییان لە پرسەی د. رۆژ کردووە، بەتایبەتی سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە "هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، (لە مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە د. رۆژ) نموونەی بێگەردترین وەفای 63 ساڵ هاوڕێیەتی بوو".

د. رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 15-2-2021 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر، له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا، كۆچی دواییكرد.

دەقی سوپاسنامەکە:

سوپاس و پێزانین

بە ناوی هەردوو بنەماڵەی شاوەیس و شێخ سەلامی عازەبانی و برا و خێزان و خانەوادەی خوالێخۆشبوو دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس، سوپاسی بێپایانی برای گەورە و سەرۆکمان جەنابی کاک مەسعود بارزانی دەکەین، کە هەڵوێستی لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی خوالێخۆشبوو، نموونەی بەرزترین و بێگەردترین وێنەی وەفا و خۆشەویستی و رێزگرتن بوو لە (٦٣) ساڵ هاوڕێیەتی و کوردایەتی و پێشمەرگایەتی، کە بە یەکەوە لە گۆڕەپانەکانی خەباتی رزگاریخوازی گەل و وڵات، بە بێ دابڕان بردیانە سەر.

زۆر سوپاسی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانی دەکەین. سوپاسی سەرۆکایەتی و گشت ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، سوپاسی یەک بە یەکی هەڤاڵان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەکان و لق و ناوچە و رێکخراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین.

زۆر سوپاسی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ کاک بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز مستەفا کازمی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کەسایەتی و ئەو سەرۆک هۆزە عەرەبانە دەکەین، کە هاوبەشی خەممان بوون.

زۆر سوپاسی هەموو ئەو باڵوێز و کونسوڵ بەڕێزانە دەکەین لە بەغدا و، هەولێر، کە بە رۆحی دۆستایەتییەکی قوڵەوە هاوبەشی خەم و پەژارەمان بوون.

بە ستایش و رێزێکی زۆرەوە سوپاسی پیاوانی ئایینیی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە بەشداریی پرسەکەیان کردین.

سوپاسی بەڕێز کاردیناڵ (لویس رۆفائیل ساکۆ) پاتریارکی کلدان دەکەین لەگەڵ هەموو ئەو برا کریستیانانەی هاوبەشیی ئەم خەمە گەورەیەمان بوون.

سوپاسی سەرکردایەتیی گشت حیزب و رێکخراوە کوردستانییە تێکۆشەرەکان دەکەین، چی ئەوانەی ناوخۆی کوردستان و چی ئەوانەی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور.

لە کانگای دڵمانەوە سوپاسی خەڵکی جوامێر و سەربڵندی کوردستان دەکەین لە هەولێر و، سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە.

سوپاس و پێزانینی بێسنوورمان هەیە بۆ هەموو هەڤاڵان و هاوڕێیان و خزمان دۆستان و، گشت ئەو خوشک و برا ئازیز و بەڕێزانەی بە تەشریفهاتنیان یان بە پەیوەندیی تەلەفۆنی و نامە بەشداری پرسەکەیان کرد و هاوخەممان بوون.

لە یەزدان داواکارین پاداشتی هەموولایەک لەسەر خێر بداتەوە و، لە گشت سەغڵەتی و بەڵایەک بیانپارێزێت..

بنەماڵەی شاوەیس و شێخ سەلامی عازەبانی
و برا و خانەوادەو خێزان و منداڵانی کاکە رۆژ نووری شاوەیس