ساسان عەونی: هەندێك لە ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەگۆڕدرێن

''تێیاندایە ماوەی دە ساڵ زیاتر بەسەر جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە''

کارکردن لە شەقامی 150 مەتری لە هەولێر
کارکردن لە شەقامی 150 مەتری لە هەولێر

K24- هەولێر:

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەراگەیەندراوێک بڵاویکردەوە: "ئەوان مامەڵە لەگەڵ سێ جۆر ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەكەن و هەندێك لە ماستەرپلانەكانیش پێویستیان بە ئەبدێتكردنەوە هەیە''.

دەشڵێت ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەكن بۆ چاكسازیكردن لەو بابەتەدا كە دواتر پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت".

 لەبارەی گۆڕینی رەگەزی زەویشەوە دەڵێت: "بە یاسا رێگە بە گۆڕینی رەگەزی زەوی دەدرێت''.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکردووە: ''ئێمە مامەڵە لەگەڵ سێ جۆر ماستەرپلاندا دەكەین، یەكەمیان ئەو ماستەرپلانانەن بۆ شار و شارۆچكەكان جێبەجێكراون، بەشێكی دیكەیان ئەو ماستەرپلانانەن چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەوە، بەڵام تەواو نەكراون''.

 هەروەها دەشڵێت: ''بەشێكی دیكەشیان پەیوەندی بە شار و شارۆچكەكانەوە هەیە كە تا ئێستا ماستەرپلانیان نییە و لە هەر سێ جۆریشیاندا گرفتی جۆراوجۆر هەن''.

لەبارەی گۆڕین و ئەدبدێتكردنەوەی ماستەرپلانەكان، ساسان عەونی رایگەیاند: "ئەو ماستەرپلانانەی تەواو كراون و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، تێیاندایە ماوەی دە ساڵ زیاتر بەسەر جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە و ئێستاش پێویستییان بە گۆڕانكاری و ئەبدێتكردنەوە و چاكسازی هەیە''.