نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانەی ئه‌رمه‌نستان له‌ هه‌ولێر ده‌رده‌بڕێت

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو گرنگییەی بە پێكهاتەی ئەرمەن دراوە كە توانیویانە لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتییان هەبێت

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و  ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیا رایگه‌یاند،  كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەرمەنستانی لە بەغدا و كونسوڵخانەی گشتیان لە هەولێر و ناوەندێكی ڕۆشنبیریی ئەرمەنی لە قەڵای هەولێر، لەگەڵ كاركردن بۆ كردنەوەی گەشتیی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە بەغدا و هەولێرەوە بۆ یەریڤان، هەنگاوی باشی برەودانه‌ بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەرمەنستان و خۆشحاڵیی خۆیشی بەم هەنگاوانە دەربڕی.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازی لە ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە باڵیۆزی ئەرمەنستان لە بەغدا و كونسوڵی گشتی ئه‌و وڵاته‌ لە هەولێر ئامادەی بوون، گفتوگۆ سیاسی و دیپلۆماسییەكانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لە بەغدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەرمەنستان، كردنەوەی باڵیۆزخانەیان لە بەغدا و كونسوڵخانەی گشتییان لە هەولێر، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لە بوارەكانی خوێندنی زانكۆیی، تەكنەلۆژیا و كشتوكاڵدا، دۆخی ڕەوەندی كوردی لە ئەرمەنستان و پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان، تاووتوێ كران.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان خواستی وڵاتەكەی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە و سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو گرنگییەی بە پێكهاتەی ئەرمەن دراوە كە توانیویانە لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتییان هەبێت و كەنیسەیان بكەنەوە و مافەكانیان پارێزراو بێت.