سه‌دان هاووڵاتى عه‌ره‌ب له ده‌ستى داعش رايانكرد و خۆيان گه‌يانده سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه
ژماره‌یه‌ك لەو عەرەبانەش خه‌م و ئازاره‌كانی خۆیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بۆ كوردستان 24 ده‌گێڕنه‌وه.
K24 - هه‌ولێر:
دوای هه‌نگاوه سەرەتایيه‌كانی رزگاركردنی موسڵ، نزیكه‌ی 600 كه‌سی عه‌ره‌بی نیشته‌جێی گونده‌كانی كودیله و خره‌به‌ردان و قه‌راج به‌هۆی شه‌ڕی نێوان سوپای عێراق و چه‌كدارانی داعش هه‌ڵهاتن و خۆیان راده‌ستی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد، ژماره‌یه‌ك لەو عەرەبانەش خه‌م و ئازاره‌كانی خۆیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بۆ كوردستان 24 ده‌گێڕنه‌وه.
هه‌موویان په‌شۆكاو و خه‌مبارن، ماندوێتی و ئازاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش هێشتا به ڕووخساریانه‌وه دیاره. ئه‌مانه ژماره‌یان نزیكه‌ی 600 كه‌س ده‌بێت كه سه‌رجه‌میان به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بی سونه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 400 كه‌سیان ئافره‌ت و منداڵن كه به‌هۆی شه‌ڕی نیوان سوپای عیراق و چه‌كدارانی داعشه‌وه له ناوچه‌كانی (خڕه به‌ردان و كودیله و قه‌راج) هه‌ڵهاتون و له سه‌نگه‌ره‌كانی میحوه‌ری مه‌خمور خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه.
بوشرا ته‌مه‌نی 14 ساڵه یه‌كێكه له‌و كچانه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له گوندی خره‌به‌ردان هه‌ڵهاتوون به ده‌نگێكی خه‌مبار و به‌چاوی پڕ فرمیسكه‌وه هاته لای تیمی كوردستان 24 و ده‌یگوت: داعش زۆر ئازاری داوین!
له‌نێو ئه‌مانه‌دا چیرۆكی هاوشێوه‌ی بوشرا گه‌لێك زۆرن، هه‌ریه‌كێك له‌مانه بدوێنیت له پیاو ئافره‌ت و منداڵ خاوه‌نی چیرۆكی تایبه‌تی خۆیانن، هه‌ریه‌كه و به جۆرێك باسی ژیانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و نه‌بوونی قوتابخانه‌و چاره‌سه‌ری پزیشكی و دڕنده‌یی چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ن.
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، وێرای ئه‌ركی خۆیان بۆ پاراستی سنوره‌كانی كوردستان. هاوكات ئه‌ركێكی مرۆیی دیكه‌شیان گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆیان، ئه‌ویش هاوكاری كردنی خێزانه عه‌ره‌به‌كان و رزگاركردنیانه له ناوچه‌كانی شه‌ڕ و گه‌یاندنیان بۆ شوێنێكی ئارام و گونجاو.
وێڕای بوونی نزیكه‌ی 2 ملیۆن ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له باشووری كوردستان و بوونی قه‌یرانی دارایی و بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌ریمی كوردستان. به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه له وه‌رگرتن و به هاناوه‌چوونی ئه‌و ئاواره عه‌ره‌بانه‌ی كه وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی ئارام ڕوو ده‌كه‌نه باشووری كوردستان.له‌ئێستاشدا كه‌هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ ده‌ستی پێكردووه، پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان رۆژ دوای رۆژ زیاتر ببێت.