سبەی یەکەم فڕۆکە لە عێراقەوە بەرەو چین بەڕێدەکەوێت بۆ هێنانی ڤاکسین
عێراق گرێبەستی کردووە بۆ کڕینی 16 ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا
K24 - هەولێر
فڕۆکەی ئامادەکراو بۆ هێنانی ڤاکسین، سبەی لە عێراقەوە بەرەو چین بەڕێدەکەوێت بۆ هێنانی یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند "رۆژی شەممە (27ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) فڕۆکەکە لە عێراقەوە بەرەو چین بەڕێدەکەوێت، دوای رۆژێک یان دوو رۆژ، بە یەکەم باری ڤاکسینی کۆرۆناوە دەگەڕێتەوە و دواتر کاروانەکان بەردەوام دەبن".
لە بەیاننامەیەکیشدا سەیف بەدر، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندووە، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق گرێبەستی کردووە بۆ کڕینی 16 ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئامادە دەبن.
عێراق زەرەرمەندترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەڕووی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، تائێستا زیاتر لە 684 هەزار کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هەروەها 13 هەزار و 351 کەسیش بەفەرمی گیانلەدەستدانیان بە کۆرۆنا راگەیەنراوە.
بڕیار وایە لەگەڵ گەیشتنی ڤاکسین، سەرەتا کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی، کەسانی بەتەمەن، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و دواتریش هێزە ئەمنییەکان بکوترین.