لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە هەریر پێنج کەس بە چەقۆ بریندار کران
سێیان رەوانەی هەولێر کراون، کە دووانیان برینیان سەختە

K24 - هەولێر
لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە ناحیەی هەریر، ئەمڕۆ شەڕ روویداوە و لەئەنجامدا پێنج کەس بە چەقۆ بریندار بوون، کە برینی دووانیان سەختە.
رائید مەهدی دەروێش، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی هەریر بە کوردستان24ـی راگەیاند "رووداوەکە لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەدوای ئۆتۆمبێلی بووک و زاواوە بوون، بەڵام دیارە کەسێکیان شکاندوویەتییەوە سەر ئەوەی دیکە، لەئەنجامدا شەڕ دروست بووە".
بەگشتی لە شەڕەکەدا بە گوتەی رائید مەهدی، پێنج کەس بە چەقۆ بریندار بوون، "سێیان رەوانەی هەولێر کراون بۆ چارەسەر، کە پێکدێن لە ژنێک و دوو پیاو، پیاوەکان برینیان سەختە، جگە لەوەش دوو بۆ سێ کەسی دیکە بە دار و بەرد بریندار بوون و پێویستیان بە چارەسەر نەبووە".
رائید مەهدی جەختی کردەوە لەوەی لەسەر ئەو رووداوە نۆ کەس لە هەردوولای شەڕەکە دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەوانەی دەستیان بە شەڕەکە کردووە، ناسیاوی یەکتر بوون و جگە لەو ئۆتۆمبێل شکاندنەوەیە، پێشتریش کێشەیان لەنێواندا هەبووە.
هـ.ر.