لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، شۆفێرێک تەقە دەکات
پۆلیس هەردوو شۆفێری دەستگیرکرد

K24 - هەولێر
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ رایگەیاند شەوی رابردوو دوو شۆفێر لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل، بووەتە دەمەقاڵێیان، لەئەنجامدا یەکێکیان تەقەی کردووە و دواتر پۆلیس هەردووکیانی دەستگیرکردووە.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەمەقاڵێیەکە لەنزیک نەخۆشخانەی لەدایکبوون لەنێوان دوو شۆفێر لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل روویداوە، دواتر یەکێکیان تەقەی کردووە، کاتێک پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، هەردوو تۆمەتباری دەستگیرکرد و هەردوو ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیرا.
هەر لەوبارەیەوە پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (شەمە، 27ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکان لەجۆری کیا کادێنزا و تۆیۆتا کرۆلا تەکسی بوون، شۆفێرەکان ناویان (ا.ش.م.) و (ا.ھ.ع.)ـە و دەستگیرکران.
پۆلیس هەروەها رایگەیاندووە لە کاتی دەستگیرکردنی شۆفێرەکاندا، دەست بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە و دەمانچەیەکی جۆری (وۆڵتەر)دا گیرا.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەر بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بەسەر یەکتر لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە ناحیەی هەریری سەر بە هەولێر، شەڕ دروست بوو، لە ئەنجامدا پێنج کەس بە چەقۆ بریندار بوون و بەهۆی ئەو رووداوەش نۆ کەس کە لە هەردوولا لە شەڕەکە بەشداربوون، دەستگیرکران.