حكومەتی عێراق لە دانوستاندایە بۆ راگرتنی خۆپیشاندانەكانی زیقار بۆ دوای سەردانی پاپا
"لەوانەیە حكومەتی عێراق پەنا بباتە بەر بڕیاری قەدەغەی تەواوی ھاتووچوو لەمیانی سەردانی پاپادا"
K24 – ھەولێر:
سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرایكرد، حكومەتی عێراق لە دانوستاندایە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار بۆ راگرتنی خۆپیشاندانەكان تا دوای سەردانی پاپا بۆ پارێزگاكە.
سەرچاوەكە بە "RT"ی راگەیاند، "حكومەتی عێراق ھەوڵدەدات خۆپیشاندەران رازی بكات بەھێوركردنەوەی دۆخەكە تا دوای سەردانی پاپا بۆ زەقۆرەی ئۆر لە پارێزگاكە".
گوتیشی: "لەوانەیە حكومەتی عێراق پەنا بباتە بەر بڕیاری قەدەغەی تەواوی ھاتووچوو لەمیانی سەردانی پاپادا".
دوێنی جارێكی دیكە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق گرژی بەخۆیەوە بینی دوای رۆژێكی خوێناوی كە تێیدا نزیكەی 150 كوژراو وبرینداری لێكەوتەوە.
بڕیارە پاپا رۆژی ھەینی دەست بەسەردانەكەی بۆ عێراق بكات و چوار رۆژ دەخایەنێت بەمەبەستی دەربڕینی ھاوكاری و ھاوسۆزی خۆی بۆ مەسیحییەكان، كە شەڕ و چەكدارانی رێكخراوی داعش ھاڕاندیانی".
سەرچاوە: RT