هۆشداری له‌ بەبیابانبوونی گەرمیان ده‌درێت

ئێران به‌شێكی ئاوی رووباری سیروان ده‌گرێته‌وه‌

K24 - گەرمیان

بەھۆی كەمی بارانبارین و گرتنەوەی بەشێكی زۆری ئاوی سیروان لە لایەن ئێرانەوە، رۆژ دوای رۆژ كاریگەرییەكانی زیاتر دەردەكەون. پسپۆرانی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەكان ھۆشداری لە مەترسی بە بیابانیوونی گەرمیان دەدەن، ئەگەر گرفتەكە چارەسەر نەكەن.

چەند رۆژێكە ئاستی ئاوی روباری سیروان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەڕێوبەرایەتی ئاوی گەرمیانیش داوا لە دانیشتوانی کەلار دەکات، پارێزگاری لە ئاوی خواردنەوە بکەن، چونکە ناتوانن وەك پێویست ئاو بۆ چەند گەڕەکێك دابین بکەن.

سالار عەزیز، وتەبێژی ئاوی گەرمیان بە كوردستان24ی گوت: "ھۆشداریمان داوەتە خەڵكی گەرمیان، كە ئاوی ئاستی ئاو بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بیرەئاوەكان بەرەو وشكبوون دەچن".

سەبارەت بە روباری سیروان، ئاماژەی بەوەدا: "بەھۆی دروستكردنی چەندین بەنداو لەلایەن ئێرانەوە، ئاوی سیروان كەمیكردووە".

ھەر سەبارەت بەو گرفتە رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێ: "ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆر كەمبووە، كە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری دەبێت بۆ سەر داھاتی ئاو، ھاوكات دروستكردنی بەنداوەكانی ئێران كاریگەری زۆریان لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی دەربەندیخان ھەیە".

پسپۆرانی بواری ژینگە و ئاو، ھۆشداری لە بەبیابانبوونی گەرمیان دەدەن، داوا دەکەن کار بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بڕە ئاوە بکرێت کە ساڵانە بەھۆی بارانبارین و سەرچاوە ناخۆییەکان دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخان، چونکە 70%ی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە خاکی ئێرانەوە دەڕژێتە نێو بەنداوەکە.

عەبدول موتەلیب، پسپۆری ئاو و مامۆستای زانکۆ دەڵێ: "رەوشی گەرمیان لەبارەی ئاوەوە بەرەو خراپی دەچێت، ئەگەری بەبیابانبوونی ھەیە، ئەمەش بۆ دوو ھۆكار دەگەڕێتەوە، یەكێكیان گۆڕانكاری كەشو ھەوا، كە وایكردووە پلەی گەرما بەرزتربێتەوە و رێژەی دابارین كەمبێتەوە، ئەوەی دیكەیان كەم بارانییە. لە رووی زانستییەوە ئاساییە لە ماوەی 10 ساڵ جارێك وشكەساڵی رووبدات، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت كەمتر لە 10 ساڵ دووجار روویداوە".