بۆ یهكهمجار نوام چۆمسكی ههڵوێستی خۆی بهرامبهر به ترامپ دهردهبڕێت
چۆمسكی چی له بارهی ترامپ دهڵێ
K24 - ههولێر:
ئەگەرچی دۆناڵد ترامپ وەك تاكە كاندیدی كۆمارییەكان ماوەتەوە بەڵام ئەوە بە و واتایە نایەت كە ترامپ وەك كاندیدی فەرمی ئەو پارتە بناسرێت، چونكە ئەو بەھۆی لێدوانە ئاڵۆزەكانییەوە بووەتە جێی گومانی زۆرینەی ئەندامانی پارتەكەی.
ترامپ بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم ھەفتەیەدا سەردانی واشنتۆنی پایتەخت بكات, بۆ ئەوەی ڕەزامەندی سیناتۆرە كۆمارییەكان بەدەست بێنێنێت, ئەمەش وایكردووە سیناتۆرە دیموكراتەكان ھەست بە ئارامی بكەن لەوەی سەرۆكی ئەمجارەش لەخۆیان دەبێت.
ئێد ماكارسی, سیناتۆری دیموكراتەكان لە ویلایەتی ماساچوسێتس گوتی: "چەرچڵ دەڵێت ئەمهریكییەكان ھەمیشە كاری درووست ئەنجام دەدەن, بەڕاستی ھەڵبژاردنی ترامپ كارێكی وهڕەزكەرە، بۆیە ئەمهریكییەكان ھیلاری ھەڵدەبژێرن".
یەكێك لەو مەترسییانەی رووبەڕووی ترامپ بووەتەوە, دەنگی ھاووڵاتیانی ڕەشپێست و ژنانی ئەمهریكایە, چونكە ھەردوو ركابەرە دیموكراتەكەی, كە بێرنی ساندێرز و ھیلاری كلینتۆنن, توانیویانە ڕەزامەندی ئەوانه بەدەستبهێنن.
تا ئێستا ترامپ نەيتوانیوە پشتگیری ئەو كاندیدانەش بەدەست بێنێت كە پێشتر كاندیدی پارتەكەی خۆی بوون و كشاونەتەوە, جگه له بن كارسۆن, بەڵام پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەش بیرمەندێكی دیاری ئەمریكا دەڵێت ترامپ ھێشتا چانسی سەركەوتنی زیاترە لە كاندیدەكانی دیكە.
نوام چۆمسكی, بیرمەند و فەیلەسوفى ئهمهریكی به رهگهز جوو، دهڵێت: "دۆخی ئابووری ئەمهریكا یارمەتی ترامپ دەدات ھەر بۆیە زۆرینەی ئەوانە پشتگیری لە ترامپ دەكەن خەڵكانی چینی ناوەڕاست و ھەژارن كە زەرەرمەندی سیاسەتی نیو لیبرالیزم و دیموكراسیەتی كەمینەن".
ئێستا ترامپ تاكە كاندیدی كۆمارییە لە ھەڵبژاردنەكاندا, بەڵام پارتی كۆماری ھێشتا بە فەرمی وەك كاندید سهرهكی بۆ كۆشككی سپی، دهستنیشانی نەكردووە و دەسەڵاتی ئەوەشی ھەیە كە وەك كاندید ترامپ ديارى نهكات، لەو كاتەشدا ترامپ تەنھا دەتوانێت وەك كاندیدی سەربەخۆ خۆی ھەڵبژێرێت, ئەمەش وا دەكات بۆ یەكەم جار لە مێژووی ههڵبژاردنهكانی ئەمریكادا ڕووداوێكی لەو شێوەیە ڕووبدات.