هەنگاریا ستایشی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا دەکات
K24- هەولێر:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تریستان ئەزبێج وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی کریستیانە ستەملێکراوەکان کرد و چەند پرسێکییان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد کە نموونەیەکی گەشەداری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئاینی و نەتەوەییە لە ناوچەکەدا، میوانداری سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری کردووە لە نێویشیاندا مەسیحییەکان. سوپاسی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە قوربانییەکی زۆریاندا لە پێناو پاراستنی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە کاتی شەڕی داعشدا.
وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا، هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی سەردانی پاپای ڤاتیکان و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە هەرێمی کوردستان لێیکرا.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی هاوکاری وپشتیوانیی هەنگاریای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەولەتی دژ بە داعش و خۆشحاڵیی خۆی بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەنگاریا دەربڕی.