عێراق دوو ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیكە لە چین دەكڕێت
وڵاتی چین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە
K24 - ھەولێر
عێراق داوای دوو ملیۆن ژەمە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی كردووە و چینیش ئامادەیی دەربڕیوە لە مانگی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسین رەوانەی بەغدا بكات.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، بەفەرمى داواى کڕینى دوو ملیۆن ژەمە ڤاکسینى سینۆ فارمی لە چین کردووە، چینیش ئامادەیی خۆى دەربڕیوە و رایگەیاندووە، لە مانگى نیسان كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی سینۆفارم رەوانەی عێراق دەكەن.
ئەم داوایەش، لە میانی پەیوەندییەکى تەلەفۆنی فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق، لەگەڵ وانگ ییى هاوتا چینیەکەیدا خراوەتەڕوو، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پتەوکردنى پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان هەردوو وڵات و رۆڵى کۆمپانیا چینیەکان لە عێراقدا باسکراوە.
رۆژی 2/3/2021 یەكەم كاروانی ڤاكسین لە چینەوە گەیشتە عێراق كە 50 ھەزار پێكوتە بوو، لەو بڕە 5 ھەزار ڤاكسین بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە كراوە و ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسین دەستیپێكردووە، كە لە سەرەتا لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەدرێت.