جه‌مال كۆچه‌ر: نرخی دۆلار ده‌ستكاری ناكرێت
ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر، رایگه‌یاند، نرخی دۆلار ده‌ستكاری ناكرێت و دانابه‌زێنرێت.

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر، رایگه‌یاند، نرخی دۆلار ده‌ستكاری ناكرێت و دانابه‌زێنرێت.
له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه ئابوورییه‌كانی كوردستان24، جه‌مال كۆچه‌ر گوتی: 130 نوێنه‌ر له یادداشتێكدا داوایانكردووه، نرخی دۆلار كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پرسه تایبه‌ته به ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندی و به هیچ جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌راندا نییه بڕیاری لێ بده‌ن.
روونیشیكرده‌وه، به هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار، خه‌ڵك زیانی به‌ركه‌وتووه، ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه ده‌ستكاری بكرێت، دووباره خه‌ڵكێك زیانی به‌رده‌كه‌وێت و ئه‌و كاته مافی خۆیانه سكاڵا له دژی بانكی ناوه‌ندی تۆمار بكه‌ن.
جه‌مال كۆچه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به هۆی ئه‌و دهستكارییهی به‌های دۆلار، عێراق توانیویه‌تی كورتهێنانی بودجه تا راده‌یه‌كی زۆر چاره‌سه‌ر بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "ئه‌ژین قادر" بێژه‌ری ئابووری كوردستان24، جه‌مال كۆچه‌ر گوتی: له 2018دا كورتهێنانی بودجه 19 ترلیۆن دینار بووه، له 2020 گه‌یشته 70 ترلیۆن دینار و ئێستا به هۆی رێكاره‌كانی لیژنه‌ی دارایی و ئه‌و بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی ئه‌و بڕه كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 28 تا 29 ترلیۆن دینار.
له باره‌ی هه‌ڵكشانی نرخی نه‌وتیشه‌وه، ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كورد له لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاتییه و په‌یوه‌ندی به بڕیاری ئۆپك پڵه‌س و سرووشتی نییه. به هۆی ئه‌وه‌یه كه سعوودییه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كه‌متر هه‌نارده ده‌كات و عێراق بڕی هه‌نارده‌ی زیاد كردووه.
سه‌باره‌ت به ره‌شنووسی پڕۆژه بودجه‌ی 2021ی عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر گوتی: بودجه‌كه له 164 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه و لیژنه‌ی دارایی 40 كۆبوونه‌وه و 450 میوانداری تایبه‌ت به‌و بودجه‌یه‌ی رێكخستووه و توانراوه بودجه‌كه كه‌مبكرێته‌وه بۆ 130 ترلیۆن دینار و بڕی كورتهێنانیش بگه‌یه‌ندرێته 28 تا 29 ترلیۆن دینار و هه‌روه‌ها خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مكراوه‌ته‌وه و پشكی وه‌به‌رهێنان زیاد كراوه و ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌ستكاری كردووه، په‌سند بكرێت، ئه‌وا پێ ده‌نێینه 2022 و عێراق كورتهێنانی نابێت و یه‌ده‌گی دراوی نیشتمانی زیاد ده‌بێت و سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵاتیش زۆرتر ده‌بن.
له باره‌ی بودجه‌ی پارێزگاكانه‌وه، جه‌مال كۆچه‌ر باسی له‌وه‌كرد، 4 ترلیۆن دینار بۆ بودجه‌ی پارێزگاكان ته‌رخانكراوه.له‌و بڕه 60 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه.
سه‌باره‌ت به ره‌وشی ناسرییه، ئه‌و نوێنه‌ره گوتی: له ناسریه له دوو ساڵی رابردوودا بودجه‌ی پارێزگاكه خه‌رج نه‌كراوه و پار ته‌نیا %36ی بودجه خه‌رج كراوه و به هۆی ئه‌و ململانێ و ناكۆكییه سیاسییانه‌ی له پارێزگاكه هه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی پارێزگار و ئیداره‌ی شاره‌كه نه‌یانتوانیوه پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن و به‌شێك له پرۆژه‌كانیش وه‌همی بوون، بۆیه ره‌وشی ناوچه‌كه وای لێهاتووه و په‌یوه‌ندی به پشكی بودجهیانهوه نییه.
حكومه‌تی عێراق، له (22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021ی به بڕی 164 تریلیۆن دینار - نزیكه‌ی 113.1 ملیار دۆلار)، مه‌زنده كرد و كۆی گشتیی بودجه‌كه بڕی 76 تریلیۆن دینار - نزیكه‌ی 32.4 ملیار دۆلار كورتهێنانی هه‌بووه.
دوای ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه كراوه، له لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه هه‌مواری ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه كراوه و كۆی گشتیی قه‌باره‌ی بودجه‌كه بۆ 130 تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 89.6 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه و ئاستی كورتهێنانیش بۆ 28-29 ترلیۆن دینار (نزیكه‌ی 19.2 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه.