لایەنگرانی حەشد لە کەرکووک رێگری لە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی دەکەن
ناهێڵن هێزە ئەمنییەکان بارەگاکە چۆڵ بکەن
K24- کەرکووک:
بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک – گەرمیان، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هێزەکانی حەشدی شەعبی داگیریان کرد، بڕیارە چۆڵ بکرێت، بەڵام لایەنگرانی حەشد لە ژێرناوی خۆپیشاندان رێگا نادەن بارەگاکە چۆڵبکرێت.
ئێستا ئەو بارەگایە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی تێدا جێگیرکراوە، بڕیارە رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت، بەڵام رێگری لەوە دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تاکە هێزی سیاسی کوردی کە بارەگای لە کەرکووک نەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، پێکهاتەی تورکمان و عەرەب کە لە حەشدی شەعبی نزیکن بەشێکن لەو کەسانەی چوونەتە بەردەم بارەگاکە و رێگای سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووکیان گرتووە.