وەزیری تەندروستی داوایەك لە ھاووڵاتییان دەكات

د. سامان بەرزنجی: بەردەوام دەبین لە جەنگی دژی كۆرۆنا

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

د. سامان بەرزنجی، وەزیری توندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز داوا لە ھاووڵاتییان دەكات خۆڕاگر و پابەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستی.

لە بەشێكی پەیامەكەیدا وەزیری تەندروستی رایگەیاندووە: "داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین، خۆڕاگربن و پابەندی رێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی راستەوخۆ، بە بوونی هەر نیشانەیەک و گومانێکت، سەردانی سەنتەرەکانی پشکنین و چارەسەری بکەن و بە ماسکەوە لە کەسی بەرامبەرت دوور بکەوە".

د. سامان بەرزنجی جەختیكردووەتەوە: "بەڵێن دەدەین بەردەوامبین لە جەنگی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پاڵپشتی ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونی ھەمووان بە رێنماییەکانی تەندروستی"

دەقی پەیامی وەزیری تەندروستی:..

جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت ...

با هەموو پابەندی ئامۆژگاری تەندروستی بین ...

بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی (2721) و جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و کوردستانیان و هەموو کوردێکی دڵسۆز لە جیهان بەگشتی و پیرۆزباییەکی گەرم و تایبەت لە خوشک و برایانی هاوکارانمان لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەکەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خۆشی و شادی و سەلامەتی بۆ هەمووان.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی تر سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی پەتای کۆڕۆنا بەتایبەتی بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران دادەنوێنین کە لە ئەرکی پیرۆزی مرۆڤایەتیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان سپارد، ئومێدی لەشساغی و تەمەن درێژی بۆ خانەوادەکانیان دەخوازین.

نەورۆز هەروەک چۆن هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتە، بۆ گەلی کوردستان مانا و مژدەی ژیان و هێما و سیمبولی ئازادیخوازی و ڕاپەرین و سەرکەوتن بووە، هیوادارین بەهەمان شێوە ببێتە مایەی سەلامەتی و رزگاربوونی مرۆڤایەتی لەو پەتا جیهانیەی ئێستا و خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەمووان.

لێرەوە وێڕای سوپاسی خۆڕاگری هاوڵاتیان لە بەرامبەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تەندروستی، ڕێز و دەستخۆشی و سوپاسی یەکە بە یەکەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە تیمەکانی خزمەتگوزاری ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەین بۆ ئەرکی پیرۆز و شەونخونیان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئاواتەخوازین هەر سەلامەت و سەربەرز بن.

لێرەوە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین خۆڕاگر بن و پابەندی ڕێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، بە بوونی هەر نیشانەیەک و گومانێکت، سەردانی سەنتەرەکانی پشکنین و چارەسەری بکەن و بە ماسکەوە لە کەسی بەرامبەرت دوور بکەوە.

دووپات دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین بەردەوامبین لە جەنگی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە پاڵپشتی ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونی ھەمووان بە ڕێنماییەکانی تەندروستی.

دووبارە جەژنی ساڵی نوێی کوردی و بەهار و نەورۆزتان پیرۆز بێت، هەر لە خۆشی و تەندروستی و سەلامەتی دابن.

د.سامانبەرزنجی                                                                                                                                         وەزیری تەندروستی

21 ئازار 2021