ھەرێمی كوردستان دووەم جەژنی نەورۆز لەگەڵ كۆرۆنا بەڕێدەكات
ئەمڕۆ یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزە
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزە، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رێگە بە ھاووڵاتییان دراوە، بە گرتنەبەری رێكار و رێنماییەكانی تەندروستی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان بكەن.
نەورۆزی ئەمساڵ دووەم نەورۆزە كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیاوازە لە ساڵانی پێشوو، خەڵكی ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان تێكەڵی یەكتربن و بۆ ھەموو شوێنێك سەفەر بكەن.
نەورۆزی ساڵی رابردوو بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ھەرێمی كوردستان ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتان، قەدەغەی ھاتووچۆ بوو. ئەمساڵ كە ڤاكسینی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە و لە چەند وڵاتێك بەرھەم دەھێنرێت تا رادەیەك دۆخەكە باشترە، بەڵام ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و مردوان بە كۆرۆنا لەم ماوەیەدا بەرپرسانی تەندروستی ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتییان بۆ گرتنەبەری رێكارەكان.
جگە لە نەورۆز كە سەری ساڵی كوردی و ھاتنی وەرزی بەھار و نوێبوونەوەی سرووشتە، چەندین بۆنەی دیكەی نەتەوەیی كورد كەوتونەتە مانگی ئادار، بەڵام بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی دوو ساڵە لە ھەرێمی كوردستان نەتوانراوە وەك جاران گردبوونەوەی فراوان و رێوڕەسمی تایبەت رێكبخرێت.
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی جەختدەكەنەوە، ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییەكان نەبن، كۆرۆنا تەشەنە دەكات، بەتایبەتی ئێستا كە كۆرۆنای گۆڕاو بڵابووەتەوە و گواستنەوەی خێراترە.
ھاوكات ژینگەپارێزان داوا لە گەشتیاران دەكەن ژینگە بپارێزن، پۆلیسی ھاتووچۆش كە بۆ رێكخستنی ھاتووچۆ و سەلامەتی ھاووڵاتییان مەفرەزەكانیان لە شەقامەكانی ناوشار و سەیرانگاكان داناوە، داوا لە شوفێران دەكەن پابەندی رێنماییەكانی ھاتووچۆبن.