وەزارەتی ئەوقاف لەسەر ھێرشكردنە سەر سەڵاحەدینی ئەیوبی رێكاری یاسایی دەگرێتەبەر
راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیەوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رایگەیاند، كەسێك لە پەیامێكی ڤیدیۆیی ھێرشی كردووەتە سەر سەرکردەی مەزنی کوردو ئایینی ئیسلام سەڵاحەدینی ئەیوبی، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە لە ھەوڵدان بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسە.
لە نووسراوێكیشدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی داوا لە داواكاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤ دەكات، رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسە بگرنەبەر.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەداوە: "کەسێک کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێیە، دوور لە بەھای پێکەوەژیان لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیی ھێرشی کردووەتە سەر سەرکردەی مەزنی کوردو ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەڵاحەدینی ئەیوبی، لەوکاتەوە ئێمە لەگەڵ یەکێتی زانایاني ئایينی ئيسلامی كوردستان و لایەنە پەيوەنديدارە و یاساییەکان لە پەیوەندیداین بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست".
ئەوەشخراوەتەڕوو: "لەگەڵ ئەوەش نوێنەری فەرمی زەردەشتییەكان ئیدانەی کارەکەی کردوەو رایگەیاند، ئەو کەسە پەیوەندی بەوانەوە نییە دژی پێکەوەژیانی ئایینیە، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنین وێڕای بەتوندی ئیدانە کردنی ئەم ھێرشە نارەوایە و بێ بنەمایە، کەسە گەورەکان بەم جۆرە قسانەی کەسانی کەم مەعریفە ناشکێن و بەڵکو زۆر گەورەتردەبن".
دەقی راگەیەندراوەكە:...
بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
ھاوڵاتیانی ئازیز
یەکێک لەبنەما سەرەکی و ستراتیژیەکانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ئەو پێکەوەژیانە ئایینەیە
کە مێژوویەکی دێرین و درەو شاوەی ھەیەو بەشێکە لە شانازیەکانی سەرجەم خەڵکی کوردستان وەئێمە بەتوندی ئیدانەی ھەرکەس ولایەنێک دەکەین کەبیەوێ بە وشە یان توانج و قسەي نابەجێ یان ھەرشێوەيەك لە شێوەكان ھەستی پێکھاتەیەکی تر بریندار بکات.
رۆژی ١٩ مانگي ئادار کەسێک کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێیە دوور لە بەھای پێکەوەژیان لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیی ھێرشی کردۆتە سەر سەرکردەی مەزنی کوردو ئایینی پیرۆزی ئیسلام صلاح الدین ئەیوب لەوکاتەوە ئێمە لەگەڵ یەکێتی زانایاني ئايني ئيسلامي كوردستان و لایەنە پەيوەنديدارە و یاساییەکان لە پەیوەندیداین بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست، بەڵام بەھۆی پشوەکانی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە بۆ دوای پشوو رێکارەکانمان دواخست، لەگەڵ ئەوەش نوێنەری فەرمی زەردەشتیەكان ئیدانەی کارەکەی کردوەو رایەگەیاند کە ئەو کەسە پەیوەندی بەوانەوە نیە دژی پێکەوەژیانی ئایینیە، بەڵام لێرەوە رادەگەێنین وێرای بەتوندی ئیدانە کردنی ئەم ھێرشە نارەوایە و بێ بنەمایە، کەسە گەورەکان بەم جۆرە قسانەی کەسانی کەم مەعریفە ناشکێن و بەڵکو زۆر گەورەتردەبن.
بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی
٢٢⁄٣⁄٢٠٢١