لە سەردەمی ترەمپدا ئاماری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە ئەمەریکا ژمارەی پێوانەیی شکاند
ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگی ئەمەریکا (ICE) رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 483 هەزار کۆچبەری لە وڵاتەکە دیپۆرت کردووەتەوە و نزیکەی 475 هەزار کەسی دیکەشی دەستگیر کردووە، ئەمەش بەرزترین ئاماری ساڵانەیە لە مێژووی 23 ساڵەی دامەزراندنی ئاژانسەکەدا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئاژانسەکە بۆ ساڵی دارایی لە 30ـی ئەیلوولدا کۆتایی هات، 483,200 کۆچبەر لە ئەمەریکا دیپۆرت کراونەتەوە، ئەم ژمارەیەش بە رێژەی 9% زیاترە لە ژمارەی پێوانەیی ساڵی دارایی 2025 تێیدا 442,640 کەس دیپۆرت کرابوونەوە، هەروەها بە رێژەی 78% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە ساڵی 2024 لە سەردەمی جۆ بایدندا، کە تێیدا 271,480 کەس دیپۆرتکرابوونەوە.
لەبارەی ئاماری دەستگیرکردنەکانەوە، ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە 474,850 کەس لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەستگیر کراون، ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی ئاماری ساڵی پێشووە (239,890کەس)، هاوکات زیاتر لە چوار هێندەی ئامارەکانی ساڵی 2024ـە کە تەنیا 113,430 کەس دەستگیر کرابوون.
بەپێی زانیارییەکان، لووتکەی دەستگیرکردنەکان لە مانگی ئابدا تۆمارکراوە کەگەیشتووەتە 50,925 کەس، لە مانگی ئەیلوولیشدا زیاتر لە 48 هەزار حاڵەتی دەستگیرکردن هەبووە.
ئەمە یەکەمین ئاماری فەرمی و وردی ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگە (ICE) لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئاژانسەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ڕوونی نەکردووەتەوە کە چەند کەس لەو دەستگیرکراو و دیپۆرتکراوانە خاوەنی پێشینەی تاوانکاری (سجلی تاوان) بوون.
هاوکات، مارکواین مۆلین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، بەرزبوونەوەی ئەم ئامارانەی بۆ سیاسەتە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ گەڕاندەوە و رایگەیاند: سیاسەتەکانی سەرۆک دەسەڵات و توانای فراوانتری بە ئاژانسەکە بەخشیوە تاوەکو بە شێوەیەکی کاریگەرتر کۆچبەرانی نایاسایی دەستنیشان بکەن و لە خاکی ئەمەریکا دیپۆرتیان بکەنەوە.