فه‌رمانده‌يه‌كى پێشمه‌رگه‌: پێويسته‌ ريفراندۆم ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 بگرێته‌وه‌

بەوتەی فەرماندە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە کاتی ئەوە ھاتووە کورد ھەنگاو بۆ دواى کۆتاییھاتنی سایکس پیكۆ بنێت کە ئەویش ریفراندۆم و سەربەخۆییە.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2a3dd598-bb25-4bef-aa30-462b09c91bd8/HeziPeshmerge.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

بەوتەی فەرماندە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە کاتی ئەوە ھاتووە کورد ھەنگاو بۆ دواى کۆتاییھاتنی سایکس پیكۆ بنێت کە ئەویش ریفراندۆم و سەربەخۆییە.

بەرپرسی میحوەری چواری ھێزی پێشمەرگە لە رێگەی کوردستان 24ەوە پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ناوچەکانی مادەی 140 لە خەنجەری سایکس پیكۆ ئازاری زیاترە .

ئەوان بێ گویدانە سەرمای زستان و گەرمای ھاوین و دواکەوتنی موچەکانیان بەردوام لولەی تفەنگەکانیان رووی لەو دوژمنە بووە.

ھەموو ئەو قوربانیانەی کە ئەوان داویانە لەپێناوی سەربەخۆيی کوردستان و سڕینەوەی سایکس پیکۆ بووە.

دواى ئەوەی کە پێشمەرگە توانی بەشێکی زۆر لەو ئامانجەی کە ھەیبوو بەدەستی بھێنێت ئێستا فەرماندە سەربازیيەکانی ھێزی پێشمەرگە باس لەوە دەکەن کە ھەنگاوی دواى سایکس پيكۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییە، بەڵام ناکرێت ئەم ھەنگاوە بەبێ ناوچەکانی مادەی 140 بنرێت.

بەھۆی ئەو ناوبانگەی کە کورد لە رێگەی پێشمەرگەوە بەدەستیھێناوە پێشمەرگە دەڵێن جارێکی دیکە بەپاڵپشتی نەوەی نوێ رێگە نادەین سایکس پیكۆیەکی دیکە دروست بێتەوە، بەڵام ئەم ھەنگاوەش پێویستی بەیەک خستنی ناوماڵی کورد ھەیە.

لەسەرەتایی شەڕی داعش پێشمەرگە لە حاڵەتی بەرگریدا بوو، بەڵام ماوەی ساڵێکە ھێزی پێشمەرگە لە رێگەی ھێرش و ئۆپەراسیۆنی بەردەوامەوە داعشی لە خاکی هه‌رێمى کوردستان دوور خستووه‌تەوە ئەمەش کارئاسانی زیاتر دەکات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

سەرباری ئەوەی کە ھێزی پێشمەرگە ھەموو پێکھاتەکانی هه‌رێمى کوردستانی بەبێ جیاوازی پاراستووە، بەڵام ھێستا بەشێک لە پێکھاتەکانی کوردستان مل نادەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت ھاووڵاتيانى ناوچەکانی مادەی 140 دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە کورد دڵنیایە لەوەی کە لەڕێگەی ریفراندۆمەوە دەتوانێت پرسی ناوچەکانی مادەی140 یەکلایی بکاتەوە.