گەڵف کیستۆن دەست بە پلانەکانی فراوانكردنی بەرهەمهێنان لە کوردستان دەکاتەوە
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پلانەکانی گەڵف کیستۆنی لە هەرێمی کوردستان راگرتبوو
K24- ههولێر:
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم، كه لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و پێشتر بههۆی رێككارهكانی رووبهڕووبوونهوهی كۆرۆنا پلانهكانی راگیرابوون، رایگەیاند، دووباره دهست به فراوانكردن و جێبهجێكردنی پلانهكانی دهكاتهوه و ئاستی بەرهەمهێنانیی لە کێڵگەی شێخان بەرزدەکاتهوه و پێشبینیش دەکەن، تا چارەکی یەکەمی ساڵی 2022 کۆی ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیه بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکاتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئهو كۆمپانیایه، ناوەندی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە کێڵگەی شێخان لە 2021 وەك خۆی ماوەتەوە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە نێوان 40 بۆ 44 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
لهوبارهیهوه جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن گوتی: بەشێوەیەکی کرداری دەستیان بە پرۆسەکانی کارکردن کردووەتەوە. ئامانجیانە بە لەبەرچاوگرتنی دەرهاوێشتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر جووڵەی دانیشتووان و خزمەتگوزارییەکان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دەست بە کارکردن لە چاڵی نهوتی SH-13 بکەنەوە.
لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێشبینی دەکات، لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دەست بە پرۆسەکانی هەڵکەندن بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بن لە چالاکی فراوانکردن و تەواوکردنی و چاڵی SH-13 لە خۆدەگرێت، کە ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانیان پەکیان کەوت، هاوكات کارکردن لە هەڵکەندنی چاڵی نهوتی SH-I وەستا، کە دوایین چاڵی نهوت بوو لە پرۆگرامی فراوانکردن.
H.B